راپۆرت

سەرجەم مووچە فەوتاوەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مووچه‌خۆران"مژدانە دەدرێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرجەم مووچە فەوتاوەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مووچه‌خۆران"مژدانە دەدرێت"

مەودا میدیا-

مژدانە دەدرێتە مووچەخۆرانی ھەرێم بە گێڕانەوەی مووچە فەوتاوەکانیان و دەستەی داکۆکیکار لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیش رایدەگەیەنن "لە رێگەی 17 جۆر سکاڵاوە دەنگیان گەیاندووەتە دادگای ئەمەریکا و بەرپەرسانی باڵای ھەرێم لە سەر خواردنی مافی میللەت دادگای دەکرێن".

مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکار لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی تایبەت بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "ماوەی ھەشت مانگە سەرقاڵی سکاڵا تۆمارکردنن و 17 جۆر سکاڵایان لە سەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم تۆمارکردووە و بە نھێنی کاریان کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین زانیاریی بدەن بە پارێزەرەکانیان لە واشنتن".

وتیشی "ئێستا ھەموو سکاڵاکان ئامادەن و لە رۆژی 2-10-2024، کاتژمێر دوو و  نیو لە ھۆڵی ژمارە ھەشت، یەکەم دانیشتنی دادگاییەکە دەستپێدەکات و ئەمەش بابەتێکی زۆر مژدە ئامێزە بۆ ھاوڵاتییان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، چونکە دواجار سەروەت و سامانی دەسەڵاتداران بلۆک دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ خەڵکی ھەرێم بە گشتیی و مامۆستایان و فەرمانبەران بەتایبەتی، بەھۆی پێنەدانی 43 مووچەیان و بردنی پارەکانیان بۆ دەرەوە و کڕینی ڤێلا و خانوو و شوقە لە ئەوروپا و کۆمەڵێک کەیسی دیکەش کە لەسەریان تۆمار کراوە".

ئەو ئەندامەی دەستەی داکۆکیکار، لەبارەی ناوەڕۆکی سکالاکەش ئاماژەی بەوەکرد "سکاڵاکە بەو جۆرەیە، دەسەڵاتداران پارەی مووچەخۆرانیان بردووەتە دەرەوە و ھەموو ئەو پارانەشی بە ناوی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە نەدراوە، ھەر ھەموو پارەکە دەگەڕێندرێنەوە و بۆ مووچەخۆران خەرج دەکرێتەوە".

مامۆستا دڵشاد، دڵنیایی دا لەوەی ھەموو ماڵ و سەروەت و سامانی دەسەڵاتداران  دەستنیشانکراوە و دەستی بەسەردادەگیرێت تاوەکو ئەو کەیسانەی لە سەریان تۆمار کراوە، یەکلایی دەکرێتەوە و وتی "100% ئەو بڕیارە جێبەجێدەکرێت، تەنانەت کارتە سەوزەکانیشیان دەستیان بەسەردا دەگیرێت کە لە ئەمەریکا بە دەستیان ھێناوە بە ناوی فێڵ و ئەگەری زۆرە لێشیان وەربگیرێتەوە".

ئەو مامۆستایە وەک وەبیرھێنانەوەیەک باسلەوەدەکات "سەرەتا یەکەم کەس بووە کە سکاڵای گەیاندووەتە بەغدا و خەڵک نائومێد بوون و پێیان وتووە ؛بەغدا ھیچی پێناکرێت؛ بەڵام ئەنجام دەرکەوت کە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵ، چۆن لە بەرژەوەندی میللەت شکایەوە و سکاڵاکەی جێی خۆی گرتووە".

بۆیە لە وەڵامی ئەو کەسانەشی کە بەھەمان شێوە بە نائومێدییەوە لەم پرسی تۆمارکردنی سكاڵاکانی لە دادگای وشنتن پێیان وتووە دوای کڵاوی بابردوو کەوتووی، دەڵێت "دڵنیابن ئەمەی ئەمەریکاش ئەنجامەکەی دەبینن، چونکە توانیویەتی تەواوی زانیارییەکان و نەھامەتییەکان بگەیەنێتە 31 پارێزەری واشنتن".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، له‌ 2014ه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بیانووى قه‌یرانى دارایی سه‌ربارى دواكه‌وتنى دابه‌شكردنى مووچه‌، سیستمى پاشه‌كه‌وت و لێبڕینى مووچه‌ى داهێنا و چه‌ندین مووچه‌ى مووچه‌خۆرانیش فه‌وتاوه‌.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan