کوردستانی

مەرج بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دادەنرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەرج بۆ کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دادەنرێت
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەى کوردستان ، مەرجەكانی بەشداریكردنی كۆمپانیاكانی بۆ وەرزی حەجی ساڵی (2025 ز - 1445 ك) دیاریكرد.

رایگەیاند، "تەنها كۆمپانیاكانی بواری حەج و عومرە دەتوانن داواكاریی پێشكەش بكەن بۆ ئەنجامدانی حەج و دەبێت هەشت جار گەشتی عومرەیان ئەنجام دابێت و ساڵێك بەسەر دامەزاندنیدا تێپەڕێبت، هەروەها ێویستە پاكانەیان هەبێت هەبێت و كێشەی یاساییان نەبێت و سزاش نەدرابن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئەو كۆمپانیانەی كە بە رێگەی وشكانی هاوڵاتییان دەگوازنەوە بۆ وڵاتی سعودیە نابێت تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بێت".

مەرجەكانیش بریتین لە:
1- تەنها ئەو كۆمپانیانەی كە لە بواری( حەج و عومرە ) یان (عومرە) كار دەكەن مافی پێشكەشكردنی داواكاریان دەبێت.

2- كۆمپانیاكانی بواری عومڕە بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بە مەرجێك هەركۆمپانیایەك لە ماوەی ساڵی(2024) هەشت جار گەشتی عومرەی ئەنجام دابێت و كە بە ڕێژەی (10% ) بەشداردەبن لەپرۆسەی حەج بە لەبەرچاوگرتنی گشت مەرجەكان .

3-كۆمپانیاكانی بواری (حەج وعومرە) یان (عومرە) ئەگەر ساڵێك بە سەر دامەزراندنیان تێپەڕ نەبووبێت، ناتوانن بۆ وەرزی حەجی (2025) داواكاری پێشكەش بكەن.

4- تیروپشك بە شێوەیەكی ناوەندی و ئاشكرا لە هەولێر ئەنجام دەدرێت بە ئامادەبونی لایەنی پەیوەندار و  خاوەن كۆمپانیاكان.

5- ئەو كۆمپانیانەی كە داواكاری پێشكەش دەكەن، پێویستە پاكانەیان هەبێت.

6- پێویستە كۆمپانیا پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە سنوری پارێزگای خۆی بهێنێت .

7- پێویستە كۆمپانیا پشتگیری كۆمەڵەی كۆمپانیاكان بێنێت كە بەردەوامە لە كاركردن.

8- نابێت كۆمپانیا لە ماوەی ساڵی رابردوو سزای كارگێریی درابێت تاوەكو رێكەوتی ئەنجامدانی تیروپشك .

9- پێویستە تا كاتی ئەنجامدانی تیروپشك داواكار هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبێت كە ببێتە گرفت لە بەردەم خزمەتكردنی حاجیان.

10-  نابێت داواكار لە ساڵی رابردوو لەلایەن دادگاكان و دەزگاكانی نەهێشتنی تاوان هیچ سزایەكی یاسایی درابێت.

11- بەرێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیا یان هاوبەشەكەی، یەكێكیان كە گشت مەرجەكانی تێدابێت، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات بە مەرجێك رێژەی هاوپشكەكەی لە (25%) كەمتر نەبێت.

12- نابێـت تەمەنی داواكار لە (63) ساڵ زیاتر بێت بۆ گەشتی ئاسمانیی.

13- هەر كۆمپانیایەك ئارەزوی بەشداركردنی هەبێت لە تیروپشكی حەجی (2025 ز- 1446 ك) دەبێت بەڵێننامە لە فەرمانگەی دادنوسی بدات كە پابەند دەبێت بە گشت رێنماییەكان بە پێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر هەر رێكارێكی یاسایی و كارگێری كە لە بەرامبەری دەكرێت .

14- دوای ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لە لایەن لێژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندن، داواكار بە سەركەوتو هەژمار دەكرێت  ئەگەر ( 60% )ی بە دەست بێنێت ئینجا مافی بەشداری لە تیروپشك دەبێت.

15- لێژنەیەك پێكدێت لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێمی كوردستان و بەئەندامیەتی لێپرسراوی هەر نوسینگەیەك لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە سنوری خۆیان بۆ چاوپێكەوتن و ئەنجام دانی تیرو پشك.

16- سەبارەت بەو كۆمپانیانەی كە بە ڕێگەی وشكانی هاوڵاتییان دەگوازنەوە بۆ وڵاتی عەرەبستانی سعودیە نابێت تەمەنیان لە (60) ساڵ زیاتر بێت .

17- پێویستە كۆمپانیاكان سەرجەم مامەڵەكان بۆ مەبەستی سەرەوە لەرێگای نوسینگەی حەج وعومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنوری خۆیان پێشكەش دەكەن لە رێكەوتی 2024/12/5 تاوەكو 2024/12/19، بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بەرز دەكرێتەوە.

18- پێویستە داواكار هەمو بەڵگەنامەكان لەناو فایلێكی تایبەت پێشكەش بە نوسینگەی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی سنووری خۆیان بكەن و لە ئەگەری هەر كەم و كوڕییەك مافی بەشداریكردنی نابێت.

ب ح

Qaiwan
Qaiwan