کوردستانی

داوا دەکرێت قەرەبووی کرێکارانی کەرتی تایبەت بکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


داوا دەکرێت قەرەبووی کرێکارانی کەرتی تایبەت بکرێتەوە
مەودا میدیا-

کەمپەینی دەرفەت بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکارانی کەرتی تایبەت رایدەگەیەنێت بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بارودۆخێکی نائاساییە و بەداخەوە کە بەشی زۆری کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو دۆخە لەسەر ژیانی کرێکارانی کەرتی تایبەت رەنگیداوەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "وەکو لای هەمووان ڕوونە، بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بارودۆخێکی نائاساییە و بەداخەوە کە بەشی زۆری کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو دۆخە لەسەر ژیانی کرێکارانی کەرتی تایبەت رەنگیداوەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەکەدا نین".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەگوێرەی یاسای ژمارە 71١ی ساڵی 1987 دەبێت خاوەنکارەکان لە دۆخی نائاساییدا و ئەگەر کرێکارەکان بەهۆی دۆخێکی سروشتییەوە نەیانتوانی کار بکەن، بە هەندێک مەرجەوە کە لە یاساکەدا باسکراوە دەبێت مووچە بە کارمەند و کرێکاران بدرێت، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە خاوەن کارەکان ئەو یاسایەیان پێشیلکردووە و مووچەیان بە کارمەندان و کرێکاران نەداوە و حکومەتیش هیچ لێپێچینەوەیەکی لەو بارەیەوە نەکردووە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "بەگوێرەی یاسای ژمارە 39ی ساڵی 1971ی هەموارکراو دەبێت کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت و لەکاتی چوونە تەمەن یان مردن و یان هەر ڕووداوێکەوە کە توانای کارکردنیان نەمێنێت لەو پارەیەی کە لێیان وەرگیراوە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام حکومەت ئەو بڕگەیەی یاساکەی جێبەجێک نەکردووە و تا ئیستا بەهۆی ئەم دۆخەی کە لەئارادایە قەرەبووی هیچ کرێکارێک نەکراوەتەوە"

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "جیا لەوەش ئەو دەستەبەرەی کە لە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت وەرگیراوە و تەنها بۆ ساڵی 2019 زیاترە لە 60 ملیار دینار و لەو بڕە تەنها 10 ملیار دیناری دراوەتە بە کرێکاران و کارمەندانی خانەنشینبوو یان ئەوانەی داوایانکردووەتەوە، وە بە دانپێدانانی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕی ئەو پارەیەی لە سندوقی دەستەبەردا بووە و لە کرێکاران وەرگیراوە تا کۆتایی ساڵی 2019 زیاتربووە لە 400 ملیار دینار، بەڵام پارەکە تێکەڵ بە خەرجیی و داهاتەکانی تری وەزارەت کراوە و ئەوەش ناڕوونی و ناشەفافی لێ هاتووەتەئاراوە و ئێستا نازانرێت ئەو بڕەی کە لە سندوقەکەدایە چەندە و چەندی هی کرێکارانە".

داواشکراوە "لێرەوە داوا دەکەین، لەو پارەیەی کە دەبێت لە سندوقەکەدا بێت و موڵکی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەتە، قەرەبووی زیانمەندانی ئەم دۆخە بکرێتەوە و باری نالەباری ژیانیان ڕاستبکرێتەوە و حکومەت و کەرتی تایبەت پابەندبن بە یاساکان، ئەگەر وانەبێت کرێکار و کارمەندان ناچاردەبن ڕێگەی تری فشار بەکاربهێنن".
Qaiwan
Qaiwan