کوردستانی
وەزارەتی پێشمەرگە: هەنگاوەكانمان بەشێك دەبێت لەچارەسەر نەك تەشەنەسەندنی زیاتری كێشەكە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆردوومانەکانی زینی وەرتێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت وەك هەمیشە هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ خاوكردنەوەی دۆخەكەو بەردەوامیش دەبین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بۆردوومانەکانی زینی وەرتێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت وەك هەمیشە هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ خاوكردنەوەی دۆخەكەو بەردەوامیش دەبین.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "ناردنی فەوجێكی لیوای ٧ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ (زینوی وەرتێ) رێككارێكی كاتی بوو، لەسەر داوای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆڕۆنا، پاڵپشت بە بڕیارو رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم".
ئاماژە بەوەشکراوە "لەبارەی پرسی (زینی وەرتێ) حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی یاسا و رێنمایە كارپێكراوەكان، ماف و دەسەڵاتی تەواوی ئەوەیان هەیە بۆ هەر ناوچە و جێگەیەكی سنووری هەرێم، جوڵەو جێگۆڕكێ بەهێزەكانی پێشمەرگە بكەن، دەخوازین هیچ تەفسیرێكی سیاسیی هەڵە بۆ ئەو بابەتە نەكرێت".
ئەوەش هاتووە "پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان، ئەركی هێزەكانی پێشمەرگەیەو لەئێستاشدا لەبەرامبەر باری ناهەمواری خەڵك و میللەتەكەمان، پێویست دەكات هەمووان بەگیانی لێپرسراوێتی و لەخۆبردووییەوە هەنگاو بنێین بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە".
باس لەوەشکراوە "بەداخەوە، ناكرێ لە ئەنجامی بێ متمانەیی لایەنەكان و گەورەكردنی بابەتگەلێكی بچووك میللەتەكەمان زیان و باجی قورس بدات، هەروەها وەك هەمیشە، هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ بۆ خاوكردنەوەی دۆخەكەو بەردەوامیش دەبین، كە هەنگاوەكانمان بەشێك دەبێت لەچارەسەر، نەك تەشەنەسەندنی زیاتری كێشەكە".