کوردستانی

بزوتنەوەی گۆڕان داوایەک ئاراستەی یەکێتی و پارتی دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزوتنەوەی گۆڕان داوایەک ئاراستەی یەکێتی و پارتی دەکات
مەودا میدیا-

بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی بۆردوومانکردنی زینی وەرتێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای کۆبوونەوەی خێرای هەرسێ لایەنی پێکهێنەری کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند"لەم ساتەوەختە دژوارەدا، کە هەم ئاسەواری سەختی کۆرۆناو کەرەنتینە و، هەژاری و بێکاری و دواکەوتنی موچە، هەمیش مەترسیەکانی داعش کە ناوبەناو لێرەو لەوێ هاوڵاتیان و پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان شەهید ئەکەن، کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم داناوە، بەداخەوە، واخەریکە بارگرانی قورستر و مەترسیدارتر دەخرێتە سەرشانی هاوڵاتیان".

ئاماژە بەوەشکراوە "ماوەیەکە، دور لە رەفتاری تەندروستی ململانێی سیاسی، ئاراستەی رەخنەکان شێوازی توند و نابەرپرسانە لەخۆی دەگرێت و لایەنەکان، لەشکرێکی ئاراستەکراویان لە سۆشیال میدیا دژ بەیەک و لەپێناو ناوزڕاندنی یەکتر بەگەڕخستوە. تا کار گەیشتۆتە ئەوەی جارێکی تر و وەک ساڵانی نەگریسی شەڕی ناوخۆ، بیر لە جوڵاندنەوەی هێزی چەکدار بکرێت دژ بەیەکتر و دەزگای ئەمنی و نهێنی دژ بەیەکتر بەکاربهێنرێت، بەتایبەت لە ئێستادا لە ناوچەی زینوی وەرتێ کە بەدۆخێکی زۆر ئاڵۆز و خراپدا ئەڕوات و هەرسێ لایەنی "یەکێتی و پارتی و پەکەکە" لەسەنگەردان، ئەمە سەرەڕای بۆردومانی فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناوچەکە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان چاوەڕێی بەهێزکردنی دامودەزگای دەوڵەتی و حکومیە، کەچی تادێ دامەزراوەو کارەکتەری حزبی هێز پەیدائەکەن و خۆیان لەسەروی دەزگا حکومیەکانەوە ئەبینن".

لە راگەیاندراوەکەشدا هاتووە "لە کاتێکدا کە بەشێکی بەرفراوانی کوردستان، لە خانەقین، جەلەولا، جەبارە، قەرەتەپە، دوز، داقوق، دوبز، کەرکوک، مەخمور، و ناوچەکانی تری پارێزگای موسڵ، رۆژانە کاری تیرۆرستی، روتکردنەوەو دەرکردن و فشارخستنە سەر هاونیشتمانیان و پێشێل کردنی مافەکانیان تا دێت لەپەرەسەندندایە و بەئاراستەی مەترسیدار ئەڕوات، کە پێویستی بەوە هەیە، هەم هەرێم و هەمیش بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، بەخێرایی بەدوای چارەسەریان بین و کاری جدیان بۆ بکەین".

راشیگەیاندووە "لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکرێت بەڵێن و کارنامەی کابینەکە لە پێناو یەکخستنی یەکجارەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگاتە دواقۆناغی خۆی و ئیتر کۆتایی بە بونی هێزی چەکداری حزبی بهێنرێت، تازەبەتازە، لایەنەکان بیر لە جوڵاندنی هێز و روبەرو بونەوەی چەکداری ئەکەن و هەرێم و ئایندەکەی ئەخەنە مەترسیەکی گەورەوە، هەروەها لەکاتێکدا دەمانەوێت دامەزراوەی پەرلەمان و دادوەری و حکومەت و ئەمنی و سەربازی، کارە ئسوڵیەکانی خۆیان بکەن و دوربن لەهەر جۆرە ململانێیەکی سیاسی، کەچی بەهەنگاوی خێرا، سەرجەم ئەو هەوڵانە لەبارئەبرێن و سەرجەم دامەزراوەکان ئەخرێنەوە نێو بازنەی بەرژەوەندی تەسک و پاوانخوازانەی حزبەکان".

باس لەوەشکراوە "لەکاتێکدا، هاوڵاتیانی کوردستان لە دڵەراوکێی موچەو بودجەو هەلی کار و باری تەندروستی و ژیانێکی شایستەی مرۆڤدان، کەچی هێزە سیاسیەکان، بۆ چرکەیەکیش لەململانێی خۆیان و دژایەتیکردنی یەکتر و تۆمەتبەخشینەوەو هەلقۆستنەوە بۆ نابوتکردنی یەکتر، راناوەستن و هیچ دەرفەتێک لەو پێناوەدا لەدەست نادەن، لەکاتێکدا دەمانەوێت ئیرادەی میلەتەکەمان یەکگرتو و یەکهەڵوێست بێت لەئاست داوا دەستوریە رەواکانمان لە عێراقداو،  پشکی هەرێم لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە پێناو بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێم و ئامادەیی زیاتری بێت لە پرسە گرنگەکانی عێراقدا، کەچی  هەوڵێکی زۆر ئەدرێت بۆ تێکدانی ئەو شیرازەیەو بەهێزکردنی هەوڵی تاکلایەنی لە پێناو دەستکەوتی حزبی زیاتردا".

ئاماژە بەوەشدراوە "ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان، داوا لە هێزە سیاسیەکانی هەرێم دەکەین، بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە خاوەنی ئابوری و هێزی سەربازی و چەکدار و دەزگای تایبەتی خۆیانن، بەگیانی بەرپرسانەو، لە پێناو ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوە ژیان، هەمو هەوڵێکی راستەقینە بدەن و نەبنە هۆکارێک بۆ دڵەراوکێی زیاتری هاوڵاتیان و تێکدانی ژیانی کۆمەڵگاکەمان. هەروەها داوا لە هێزەکانی پەکەکەش دەکەین کەوا رۆڵی هێمنکەرەوەیان هەبێت و هیچ بیانویەک بۆ دەستێوەردانی ئەملاوئەولا نەهێڵنەوە، لەهەمان کاتیشدا، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم و سەرجەم هێزە سیاسی و کەسایەتی و کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنوس و نوسەران دەکەین، رۆڵی ئیجابی خۆیان ببینن، چونکە بەدڵنیاییەوە پریشکی هەر هەنگاوێکی خراپ، کاریگەری لەسەر تەواوی هەرێم و خەڵک دائەنێت".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئێمە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنی پەیوەندی سیاسی لایەنەکان، بە پێویستی ئەزانین داوای کۆبونەوەی خێرای هەرسێ لایەنی پێکهێنەری کابینەکە بکەین و پەلە بکەین لە جێبەجێکردنی هەمو خاڵەکانی رێکەوتنەکان و بەرنامەی کابینەکە چ لە دیوی چاکسازیەوەو چ بەئاراستەی یەکخستنەوەی هێزی چەکدار و دورخستنەوەیان لەهەر ململانێیەکی سیاسی و حزبی و دانانی رێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان