ئابووری
دڵشاد موانی: بۆری کەرکوک-بانیاس پلانی دووەمی بەغدایە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
شارهزایهكی بواری نهوت ئاشکرایکرد لە کاتێکدا بۆری نەوتی عیراق - تورکیا، کە شادەماری هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستانە، زیاتر لە ساڵێکە بێدەنگە و بەغدا بە هێمنی کارتی دووەمی خۆی دەخاتە سەر مێزی یارییەکە کە زیندووکردنەوەی بۆرییەکی کۆن و نزیک لەبیرکراوە ئەویش بۆری کەرکوک - بانیاسە.
دڵشاد موانی، شارهزای بواری نهوت و خاوەنی بڕوانامەی ماستهر له گرێبهسته نهوتییهكان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەم هەنگاوەی بەغدا تەنها جووڵەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی قووڵە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تورکیا، هەرێمی کوردستان، و تەواوی هاوکێشەی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بۆری کەرکوک - بانیاس کە درێژییەکەی نزیکەی 850 کیلۆمەترە، لە ساڵی 1952 دروست کراوە و نەوتی کێڵگەکانی کەرکوکی دەگواستەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە سوریا، لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا، توانای گواستنەوەی نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەبوو، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا، ئەم بۆرییە زیانێکی گەورەی بەرکەوت و لە کارکەوت".
ئەوەشی خستەڕوو "بەغدا بە چەند هۆکارێک بیری لە زیندووکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک - بانیاس کردووەتەوە لەوانە:
1-کارتی فشار دژی ئەنقەرە: کاتێک هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە وەستاوە و دانوستانەکانیش بێئەنجامن، بەغدا پێویستی بە پلانێکی یەدەگ هەیە. بە زیندووکردنەوەی باسی بۆریی بانیاس، بەغدا پەیامێکی ڕوون بە تورکیا دەدات و دەڵێت: "ئێمە تەنها یەک بژاردەمان لە بەردەستدا نییە و ناچار نین بە مەرجەکانی ئێوە ڕازی بین." ئەمەش پێگەی بەغدا لە دانوستانەکاندا بەهێزتر دەکات.
2- گۆڕانکاری لە سزاکانی سەر سوریا: یەکێک لە گەورەترین ڕێگرییەکان لەبەردەم ئەم پڕۆژەیەدا، سزاکانی سەر ڕژێمی سوریا بوو. بەڵام لەم دواییانەدا، ئەمریکا بەشێک لەو سزایانەی سووک کردووە یان هەڵگرتووە، بەتایبەت ئەوانەی کە پەیوەندییان بە گواستنەوەی وزەوە هەیە. ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە، دەرگایەکی یاسایی نوێی بۆ گفتوگۆی جدیی نێوان بەغدا و دیمەشق کردووەتەوە.
3-دابەشکردنی مەترسییەکان (Diversification): بەرپرسانی عێراق دەڵێن کە پشت بەستنی تەواو بە یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن لە باکوور، لەڕووی ستراتیژییەوە مەترسیدارە. بۆیە کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە لەسەر دەریای ناوەڕاست، ئاسایشی وزەی عێراق مسۆگەرتر دەکات و کەمتر دەیخاتە ژێر کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
باسی لەوەشکرد "هەرچەندە بیرۆکەکە لەڕووی سیاسییەوە زیرەکانەیە، بەڵام لەڕووی کردارییەوە رووبەڕووی سێ ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە":
1-تێچووی زەبەلاح: بۆرییەکە وێران بووە. نۆژەنکردنەوەی پێویستی بە وەبەرهێنانێکی چەندین ملیار دۆلاری هەیە. شرۆڤەکارانی عێراقی باس لەوە دەکەن کە تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە ڕێگەی بانیاسەوە دەکرێت بگاتە ١٥ دۆلار، لەکاتێکدا لە ڕێگەی بەسرەوە تەنها ٦٠ سەنتە.
2-مەترسییە ئەمنییەکان: هەرچەندە دۆخی سوریا گۆڕاوە، بەڵام هێشتا ڕێڕەوی بۆرییەکە بە ناوچەی نائارامدا تێدەپەڕێت. پاشماوەکانی داعش و گرووپە چەکدارە جیاوازەکان، هەڕەشەیەکی جددین.
3-قەناعەتپێکردنی کڕیاران: دەبێت کڕیارە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکانی بیمە، دڵنیا بکرێنەوە لە سەلامەتی و بەردەوامیی ئەم ڕێڕەوە نوێیە.
وتیشی "زیندووکردنەوەی بۆریی بانیاس، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت":
1-لاوازبوونی کارتی فشاری هەرێم: کاتێک بەغدا دەروازەیەکی دیکەی هەناردەکردنی هەبێت کە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستان و تورکیاوە نییە، پێگەی دانوستانی هەرێم لاوازتر دەبێت. چونکە چیتر بەغدا ناچار نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک، چاوەڕێی ڕێککەوتن لەگەڵ هەولێر بکات.
2-کۆنترۆڵی فیدراڵی: ئەم بۆرییە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی سۆمۆدا دەبێت. ئەگەر هەر بڕیارێک بدرێت کە نەوتی هەرێمیشی پێدا هەناردە بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەژێر چەتری سۆمۆدا دەبێت، مەگەر هەرێم بتوانێت لە دانوستانەکاندا ڕێککەوتنێکی تایبەت بەدەست بهێنێت.
ب ح
بیروڕا

