ئابووری

عامر خەلیل: چاوەڕێین رۆژی شەممە نەوتمان رادەست بکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


عامر خەلیل: چاوەڕێین رۆژی شەممە نەوتمان رادەست بکرێت
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاشکرایکرد دوێنێ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەوان وەک کۆمپانیای نەوتی باکوور ئامادەییانکردووە بۆ وەرگرتنی نەوت، بڕیاربوو ئەمڕۆ نەوتەکە وەربگرن و هەناردە بکرێت، بەڵام هێشتا بەدەستیان نەگەیشتووە.

عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاگاداریانکردوونەتەوە کە هێشتا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کۆببنەوە، ئەوانیش چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بۆری نەوت بەتەواوی ئامادەیە، کۆمپانیاکەیان 13 کارمەندی لە زاخۆ و ناوچەکانی تری رێڕەوی بۆرییەکە تاوەکو تورکیا داناوە، هەشت کارمەندیشی لە بەندەری جیهاندا جێگیرکردوون و بەتەواوی ئامادەن بۆ هەناردەکردنی نەوت".

ئەوەشی خستەڕوو "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێی راگەیاندوون کە هێشتا بڕەکە دیار نییە کە چەند رادەست دەکەن، بەڵام ئاگادارن ئێستا رۆژانە 150 هەزار بەرمیل بەرهەم دێت، 50 هەزار بۆ ناوخۆ و 100 هەزاریش بۆ هەناردەکردنەوە، بەپێی زیادبوونی بەرهەمیش، بڕی هەناردەکردن زیاتر دەکرێت".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە