ئابووری

راوێژكارى سودانى: راگرتنى پێدانى دۆلار به‌ عیراق راست نییه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


راوێژكارى سودانى: راگرتنى پێدانى دۆلار به‌ عیراق راست نییه‌

مه‌ودا میدیا-

راوێژكارى سه‌رۆكى حكومه‌تى عیراق رایگه‌یاند، ده‌نگۆى راگرتنى دۆلار به‌ عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا راست نییه‌ و ته‌نها قسه‌و چه‌واشه‌كارییه‌.

له‌ دوو رۆژى رابردوو هه‌واڵى ئه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ بانكى ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا سزا به‌سه‌ر عیراق ده‌سه‌پێنێت و به‌هۆیه‌وه‌ ناردنى دۆلار بۆ عیراق راده‌گرێت، ئه‌وه‌ش ئابوورى عیراق تێكده‌دات و به‌هاى دۆلار به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د، راوێژكارى ئابوورى محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى عیراق به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "ته‌واوى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شتێكى له‌و جۆره‌ له‌ ئارادا نییه‌".

وتیشى "ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه‌ له‌ ناردنى دۆلار بۆ عیراق و ئه‌و هه‌واڵانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌ و هیچ خزمه‌تێكیش به‌ خه‌ڵكى عیراق و بازاڕ ناكه‌ن".

له‌ ئێستادا نرخى 100 دۆلار له‌ بازاڕه‌كان به‌ 142 هه‌زار دیناره‌ و له‌ سێ هه‌فته‌ى رابردوو بۆ خانه‌ى 139 هه‌زار دینار دابه‌زى، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بانكى ناوه‌ندیی عیراق 100 دۆلار به‌ 132 هه‌زار دینار ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌.

ع
Qaiwan
Qaiwan