راپۆرت

پرۆژەی بچوككردنەوەی هەیكەلی حكومەت شكست دەهێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرۆژەی بچوككردنەوەی هەیكەلی حكومەت شكست دەهێنێت
مەودا میدیا- رەنگین عارف


حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پڕۆژەیەی فەرامۆش کرد کە بڕیار بوو هەیکەلی ئیداریی حکومەتی هەرێمی پێ بچووک بکاتەوە، بەپێچەوانەوە جگە لە 21 وەزارەتەکەی پێشوو، ئەم کابینەیە نزیکەی 40 پۆستی تریشی زیادکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتێکی وەک چین کە زیاتر لە ملیارێک دانیشتووی هەیە تەنها 18 وەزارەتی هەیە.

لە کۆتاییەکانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەک هەبوو بۆ کەمکردنەوە و بچووککردنەوەی هەیکەلی حکومەت بۆ 12 وەزارەت و بڕِیاربوو کابینەی نۆ جێبەجێی بکات، بەڵام ئەو پڕۆژەیە نەک جێبەجێ نەکرا، بەڵکو پۆستی تر لەم کابینەیەدا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی حکومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم زیاد کراون کە نزیک دەبنەوە لە چل پۆست.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا پرێسی راگەیاند "پڕۆژەی بچووککردنەوەی هەیکەلی حکومەت لەگەڵ کابینەی پێشووی حکومەت و خولی پێشووی پەرلەمان فەرامۆش کرا، ئەگەرچی ئەم حکومەتە تەرکیزی خستووەتە سەر چاکسازی، بەڵام جارێ لە ئەرزی واقیعدا هیچی دیار نییە".

جەودەت کە هاوکات پسپۆڕی ئابووریشە وتیشی "بەداخەوە داتاشینی پۆست لەم کابینەیەشدا وەک کابینەکانی پێشوو رازیکردنی دڵی ئەم لایەن و ئەو کەسایەتی زاڵ بوو بەسەر ئیرادەی کەمکردنەوە و بچووککردنەوەی حکومەت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان."

مەوداپرێس ئەوەی زانیوە جگە لە جێگرێکی بۆ سەرۆکی هەرێمی كوردستان و یەکێکیش بۆ سەرۆکی حکومەت، 20 راوێژکار بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت دامەزرێندراون، سێ وەزیر بۆ کاروباری هەرێم درووستکراون، پێنج بریکاری وەزیر زیادکراون، بەڕێوەبەرێکی گشتی بۆ دەزگای مین و بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی بۆ باوەڕدارانی ئایینی زەردەشتی و چەند پلە و پۆستێکی تریش.

راهی رەهبەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند "تائێستا لەبەرئەوەی حکومەت پێکنەهاتووە بەتەواوەتی دەبێت بزانین و ببینین چ بڕیارێک دەدرێت و جگە لەوەش هێشتا کات ماوە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا هەم لەلایەن پەرلەمان هەم لە لایەن حکومەتەوە بۆ بچوککردنەوەی هەیکەلی حکومەت".

وتیشی "دەبوو حکومەت بچووکبکرایەتەوە، بەڵام تائێستا دیار نییە و نەکراوە، بەڵام من گەشبینم کە پڕۆژەیاسا دەبێت بۆ بچووککردنەوەی هەیکەلی ئیداریی حکومەت."

حکومەتێکی گەورەی وەک چین کە ملیارێک و 300 ملیۆن دانیشتووی هەیە تەنها بە 18 وەزارەت بەڕێوە دەچێت، بەڵام حکومەتی هەرێم کە ژمارەی دانیشتوانەکەی حەوت ملیۆن کەسە 21 وەزارەتی هەیە و هەر کابینەیەکیش ژمارەی پۆستەکان زیاتر دەکرێن.
دڵشاد فایز، وتەبێژی وەزارەتی داد پێی وایە دەبێت تا کۆتایی پێکهێنانی حکومەت و پڕکردنەوەی هەموو وەزارەتەکان چاوەڕێ بکرێت و ئەوکات بڕیار بدرێت.

ئەو وتیشی "ئەگەر ژمارەی پۆست و پلە باڵاکان لە پێویست زیاتر بوو داوای روونکردنەوە لە حکومەت دەکەین."

ئێستا حكومەتی هەرێم 21 وەزارەت و لە هەر شارێكیش زیاتر لە 20 بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە، هاوكات 10 دەستە و فەرمانگە و سكرتاریەت و دیوانی تریش سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بوونیان هەیە، ئەمە لە کاتێکدا لە سەردەمی رژێمی پێشووی عیراقدا لە هەر شارێکدا سێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەبووە.

موسا ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئیداری بە مەوداپرێسی راگەیاند "بچووککردنەوەی حکومەت ئیرادە و بڕیاری پێویستی دەوێت، بەبڕوای من بڕیارەکە هەبێت ئەگەر هێزە سیاسییەکان رێگر نەبن لەڕووی فەرمانبەرانەوە رێوشوێنی گرنگ و رازیکەر هەیە بۆ کەمکردنەوەیان".

وتیشی "بۆ نموونە حکومەت دەتوانێت بڕیار بدات راژەی فەرمانبەران بە پارە بکڕێتەوە، فەرمانبەرێک کە دە ساڵ خزمەتی هەیە لێی بکڕێتەوە لە کەرتی گشتی نەمێنێت، بەو جۆرە کەمکردنەوەکە سەردەگرێت، بەڵام دەبێت لایەنە سیاسییەکانیش پۆستەکانیان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە."

پێشی وایە واقیعی هەرێمی کوردستان تا ئاییندەیەکی نزیکیش بچووککردنەوەی حکومەت بەخۆیەوە نابینێت.
Qaiwan
Qaiwan