راپۆرت

کێڵگە بە مین چێنراوەکانی کوردستان تاوانێکی تری سەدام

مەودا میدیا - سلێمانی |


کێڵگە بە مین چێنراوەکانی کوردستان تاوانێکی تری سەدام
مەودا میدیا- هۆشیار جەمال

لە دامەزراندی دەوڵەتی عیراقەوە کە نەتەوەی کورد لە دەرەوەی ویستی خۆی کرایە بەشێك لەم دەوڵەتە، بەشێک لە بۆچوونەکان پێان وایە هۆکاری ئەوەی کە کورد کرایە بەشێك لە عیراق بۆ هاوسەنگی راگردنی دابەشبوونی مەزهەبووە، چونکە بەبێ نەتەوەی کورد عیراق زۆرینەیەکی عەرەبی موسوڵمانی شیعە مەزهەب و کەمینەیەکی عەرەبی موسوڵمانی سونە مەزهەب دروست دەبوو، هەربۆیە نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی زۆرینە موسوڵمانی سونە مەزهەب کراوە بە بەشێک لە عیراق، بەڵام لەو چرکە ساتەوە چ لەسەردەمی پاشایەتی و چ کۆماری نەتەوەی کورد هەردەم چەوسینراوەتەوە بەهەموو شێوەیەک وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ کراوە.

بەڵام جیاواز لە هەموو قۆنا‌غەکان لەکاتی حوکمڕانی دەسەڵاتی فاشیزمی بەعس و گەورە دیکتاتۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵەکانی سڕینەوەی کورد به هەموو جۆرێک دەستی پێکرد، کە لە دوای لە ناوچوونی ئەم دەسەڵاتەش لێکەوتەکانی هەرماوە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە لە ئێستادا دەنگێکی نە شاز کە هەتا زوو کپ بکرێت درەنگە لە ڕێگای تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە کەوتۆتە بانگەشە کردن بۆ بەعس و سەدامی ستەمکار ، کە ئەمەش بەشێکی دەرئەنجامی شکستی بەشێكی زۆری حیزبە کوردیەکانە لە بەڕێوەبردنی کوردستان بەشێوەیەکی خراپ کە ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە شایەنی ڕەخنەی توندە، دەستبردن بۆ کەمو کورتیەکان شانازیە، هەوڵدان بۆ هێنانە خوارەوەی حیزبێک لە دەسەڵات و گۆڕینی بەحیزبێکی تری کوردی ئاسایە و ململانێکی سیاسی تەندورستە، بەڵام ئەمانە نابێت بگاتە ئەوەی بانگەشە بۆ بەعس بکرێت و سەدام فریشتە ئاسا نیشانی خەڵک بدرێت هەر بۆیە داوا دەکەم لە توێژەران نوسەران بە بەردەوامی کار لەسەر ئەوە بکەن دیوی ڕاستەقینەی بەعس و سەدام بە تاک بە تاکی کورد بناسێنن.

یەکێک لەو بابەتانەی بە پێویستم زانی کاری لەسەر بکەم بابەتی بوونی زەوی بە مین چینراوی کوردستانە کە هۆکاری راستەقینەی ئەم وێران کردنی کوردستانە، کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە سەدام حوسێنی دیکتاتۆرە. کە لەڕێگای ئەو جەنگانەی هەڵیگیرسانت لە کوردستان هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و شوێنی بەرهەم هێنانی لە کوردستان گۆری بەشوێنی مین چێنراو، کە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە کاتی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران هاوکاریان دەکرد لە ڕێگای دابینکردنی چەک و تەقەمەنیەوە بە تایبەت وڵاتی ئیتاڵیا لە رووی پیدانی مینەوە هاوکاری سەدامی دەکرد.

ئەوەی مەزەندە كراوە لە هەرێمی كوردستان  حكومەت یەك لە دوای یەكەكانی عێراق نزیكەی (7) ملیۆن مینیان لە  هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا چاندووە، لە پاڵ ئێمە پاشماوە جەنگیەكان هەیە كە لە فیشەكێكی دەمانچە خۆی دەبینێتەوەو تا دەگاتە رۆكێتێك و ناپاڵمێك كە لەبەر ئەوەی كوردستان شەرگە بووە بۆیە پاشماوەی جەنگی زۆر بەجێماوە لەو ناوچانە کە بە دەیان هەزار پاشماوەی جەنگی لەناو براوە و پوچەڵ كراونەتەوە.

دواین ئامارەكان تا 2016 لە هەرێمی كوردستان  رووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی نزیكەی (274) هەزار كم2، هەرەوەها ناوچە گومانلێكراوەكان و ژمارەی كێڵگەی مین و شوێنە مەترسیدارەكان  لە ئێستادا نزیكەی (3440) كێڵگەیە.كە هاوڵاتیان ناتوانن سەردانی بكەن و بۆ كشتوكاڵ و لەوەڕگا بەكاری بهێنن.

بەپێی ئەو رووپێویانەی  ئەنجامدراوە لە رابردوودا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (776) ملیۆن مەتر دوجا زەوی پیسبوو هەیە لە كوردستان لە ماوەی (25) ساڵی ڕابردوودا لەناوچە پیسبووەكان، كار كراوە لە سەر پاككردنەوەو كەم كردنەوەی ئەو رووبەرە پیسبووە،  لەئێستادا (210) ملیۆن مەتر دوجا ماوە پاك بكرێتەوە كە دەكاتە %35ی ڕووبەری پیسبوو.

لە ئەنجامی  ئەو ناوچە فراوانانەی كێڵگە مینیەكان زیاتر لە (13422) بونەتەقوربانی  مین و تەقەمەنی لە كوردستان  لەو ژمارەیەش (2644) هاوڵاتی بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە ( 10778) كەسی تریش برینداربون، کە بە دڵنیاوە رێژەكە زۆر لەوە زیاترە لەبەر ئەوەی سەرەتای نەوەدەكان ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی بونەتە قوربانی و  تۆمارنەكراون لەناو ئامارو داتابەیسەكانی دەستەی مین و حكومەتی هەرێمدا.
بەڵام لە ئامارێکی تری بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی مینی سلێمانیدا هاتووە کە لە ساڵێ 1991وە تا ساڵی 2008  (13422) لە سنوری  سلێمانی کە ناوچەکەی زیاتر شاخاوەیە (5975) کەس شەهید و بریندار بوون (1349) کەس برینداری منین.

سەبارەت بە كارمەندان  و فەرمانبەرانی مینلابەری دەزگا و رێكخراوەكان بە گشتی ژمارەیەك قوربانی هەیە  كە خۆی لە (135) كەس دەبێنیتەوە كە لەو ژمارەیەش (45) كەس گیانیان لە دەستداوە (95) كەسیش برینداربووە.
تەنها لەساڵی 2019 توانراوە (10,424,032) ملیۆن و چوارسەد و بیست و چوار هەزار و سی و دوو مەتر دوجا، لە مین و تەقەمەنی پاكبكرێتەوە، كە (179) كێڵگە مین و شەڕگە دەگرێتەوە، دوای پاككردنەوەشی رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە، لە ئێستادا دەتوانرێت بۆ كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ  و گەشتوگوزارو پرۆژەی  ئابووری و وەبەرهێنان بەكار بهێندرێت.

ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی كە لەرێگەی تیمەكانی مینلابەری دەزگای مین و رێكخراوەكانەوە لە ناوبراون و هەڵگیراونەتەوە لە كێڵگە مینەكان، بە نزیكەی  (28) بیست و هەشت هەزار مین و تەقەمەنی مەزەندە كرد، كە مینی دژەكەسی و دژە تانك و تەقەمەنی سەرپێی (IED) و پاشماوەی جەنگی لەخۆ گرتووە، كە هەر مین و تەقەمەنیەك مەترسی بووە بۆ سەر گیانی چەندین هاوڵاتی و گیانلەبەران.

ژمارەی شەهید و بریندارەكان   كە لە ساڵی2019 بەهۆی مین وتەقەمەنیەوە بوونەتە قوربانی (22)بەركەوتوو بە رووداوەكانی مین و تەقەمەنی تۆمار كراوە، كە لەو ژمارەیە (8)هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە و (14)ی تریش بریندار و كەم ئەندام بوون، هەروەها لە ساڵی 2018 ژمارەی گیانلەدەستدان بریتی بوو لە (35) قوربانی، هەروەها (257) ملیۆن مەتر دووجا ماوە پاكبكرێتەوە، ئەم ئامارانە کە مەرگی هاونەوتەوە هاوزمانەکەمان و کەسوکاری تاک بەتاکمانن هۆکارەکەی حکومەتی عیراق و دەسەڵاتی حیزبی بەعسە، دڵۆپێکن لە دەریای تاوانەکانی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر.

سەرچاوەکان

١/سایتی دەزگای گشتی کاروباری مین، http://maa.gov.krd/Default
2/ سایتی ئەنادۆڵی تورکی، www.aa.com.tr/ks
3/ چاوپێکەوتنی موحسین عبدالکریم،بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی مینی سلێمانی،کەناڵی ئین ئاڕ تی، https://www.youtube.com/watch?v=KiZFeDVkXqQ&fbclid=IwAR2QD1eftD-Z4pmb6cu4TK7WReFYtABgT567Pg-cy-I2pLpGmhz8iayaR6U
ک.ر
Qaiwan
Qaiwan