راپۆرت

ئێزدییەكان 73 هەمین جارە لە مێژوودا كۆمەڵكوژ دەكرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئێزدییەكان 73 هەمین جارە لە مێژوودا كۆمەڵكوژ دەكرێن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئێزدییەكان 73 هەمین جارە لە مێژوودا كۆمەڵكوژ دەكرێن،  فەرماندەیەكی پێشمەرگە چەند نهێنییەك لەسەر یادی شەش ساڵەی كۆمەڵكوژكردنی شەنگال لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئاشكرا دەكات و دەڵێت " فەرمانیان پێكراوە بكشێنەوە  بەڵام فەرمانەكەیان جێبەجێ نەكردووە و ژیانی هەزاران ئێزدییان لە كۆمەڵكوژی رزگاركردووە"، پەرلەمانتارێكی كوردستانیش ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بە كەمتەرخەم دادەنێت لەوەی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەلایەن دادگای لاهای نێودەوڵەتییەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە.

یەكەمجار نییە ئێزدییەكان كۆمەڵكوژ دەكرێن
ئێزدییەكان شەش ساڵ لەمەوبەر جارێكی دیكە كۆمەڵكوژ كران، لەمێژوودا ئەو پێكهاتە ئاینییە جیاوازە، زۆربەی كات لەلایەن گروپە توندڕەوەكان  و دەسەڵاتدارە ناوچەیی و هەرێمییەكانەوە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە، جارێك لەبەر ئەوەی ئاینیان جیاوازە، جارێكیش لەبەرئەوەی كە كوردن.

وەك ئێزدییەكان خۆیان دەڵێن 73ەمین فەرمانی سەر شەنگال لە شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014 دا بەرامبەریان ئەنجامدراوە، ئەوان تا ئێستاش فرمێسك لە چاویان نەبڕاوە و بەردەوام مەترسی ئەوەشیان هەیە لەلایەن گروپە توندڕەوە ئیسلامیەكانەوە ئەو كارەیان بەرامبەر ئەنجام بدرێتەوە.

رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لاپەڕەیەكی دیكەی تاوان و كۆمەڵكوژیی لە مێژووی گەلی كورد و پێكهاتەی ئێزدی كردەوە، ئێستا ماڵ بە ماڵ و تاك بە تاكی شەنگال هەڵگری دەیان چیرۆكی ناخهەژێنی ئەو تاوانەن و ئەوەی لەو شەوەدا لە شەنگال بووبێت، هیچ كات ناتوانێت ئەو رۆژ و كارەساتە ناخهەژێنەكانی لە یاد بكات.

داعش شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014 دا گەورەترین كۆمەڵكوژیی ئەنجامدا
چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014 دا گەورەترین تاوان و كۆمەڵكوژیی و هێرشیان بۆسەر شەنگال ئەنجامدا، ئێزدییەكان لەو رۆژەدا جەژنی چلەی هاوینیان پیرۆزدەكرد، بەڵام چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەو رۆژەدا هەزاران كەسیان شەهید و بێسەر وشوێن كرد كە زۆربەیان ژن و منداڵبوون، دەیان هەزار كەسیش ئاوارەبوون، كە بەشێكیان تائێستا چارەنوسیان نادیارە.

بۆچی شەنگال وای بەسەرهات؟
قسەی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی شەنگال وای بەسەرهاتووە، بەڵام فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە نوسینێكدا بەناونیشانی " رۆژی ( 3 / 8 / 2024 ) چی روویدا ؟ بابەتێكی لە فەیسبووكی خۆی نوسیوە، تیایدا چەند نهێنییەك ئاشكرا دەكات.

عەمید قادر خۆرانی نوسیویەتی " نزیكی نیوەڕۆ لەلایەن رێكخستنەكانی یەكێتی و خەڵكی یەكێتی لە سنوری ( شەنگال و سنونێ و خانەسۆر ) پەیوەندیم پێوە كرا كە بارودۆخ زۆر خراپە كەس نیە بەرگری بكا، وتیان ئێمەو خەڵك كە بە هەزارانن دێین بۆ ( ربیعە ) ئەگەر ئێوە لەوێ بمینن ئەگەر نا داعش لە رێگای ( عوێنات ) بێت بۆ ( ربیعە ) هەموومان دەكەوینە بەردەستی داعش و كۆمەلكوژمان دەكەن، وتم ئێمە لێرەین و دەشمینێین هەموو خەڵك بڕوا من ناڕۆم ئەگەر سەری خۆشم لەسەر دانابێ".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو " ئەو هێزانەی پاشەكشیان دەكرد لە سنوری شەنگال و  سنونێ   بەلای ئەواندا تێدەپەڕین بۆ سحێلا بەبێ وەستان، خەڵكی ( شەنگال و سنونێ و خانەسور  بەرەو لای ئێمە بەڕێكەوتن، ئاگاداری سەرووی خۆم كردەوە لەوەی هێزەكانی لای ئێمەش پاشەكشێ دەكەن ، وتیان ئێستا وەڵامت دەدەینەوە بزانین چۆن دەبێ؟، بەڵام وەك ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاشكرایكردووە " دوای نیو كاتژمێر تەلەفۆنیان بۆ كردووتەوە و پێیان وتووە هێزەكەی پاشەكشێ پێبكات، لە وەڵامدا وتویەتی "خەڵكی ژن و منداڵ و مەدەنی بەڕێوەن بەبێ شەڕو بەرگری لێیان بەهیچ شێوەیێك پاشەكشێ ناكەم، لەبەر ئەوەی بەرپسیار دەبم لەبەرامبەر خواو خەڵك، دوای 10  خولەك دوبارە پەیوەندیان پێوە كردووەتەوە و پێیان وتووە كە فەرمانە و دەبێت جێبەجێی بكات".

 لە كۆتایی نوسینەكەشیدا ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە روونیكردووەتەوە " داعش لەو كاتەدا پەلاماری داین و ئێمەش بەرگریمان كرد و داوام لە فەرماندەكانی یەپەگە كرد هێزی زیاتر بێنن، لەبەر ئەوەی هێزەكانی لای خۆمان لە پاشەكشێدان و خەڵكی لە سنوری شەنگال بەڕێوەیە و داعشیش دەیەوێ ( ربیعە ) بگرێ ، یەپەگە لەماوەیەكی كورت هێزەكانیان زیادی كردو هێزی ئاسایشی رۆژئاواش هاتن و گەیشتنە لامان، ئەم دۆغە زیاتر لە حەوت كاتژمێری خایاند لەلایەك فشاری داعش زیادی دەكرد، لەلایەك فشاری هەندێ كەس كەوا تاوانباریان دەكردم بەوەی پاشەكشێم نەكردووە تەنانەت یەكێكیان وتی خەتای تۆیە گەمارۆ دراوین ئێستا دێم گولەیەكت لەكەللەی سەر دەدەم و دەتكوژم، ئیتر بەڕێكەوتین من خۆم سەیارەكەم لێخوڕی و پێشمەرگەكانیش لە جامی سیارەكان تەقەیان لە داعش كرد ، پێشمەرگە  بریندار بون سێیان لەناو سەیارەكەی من یەكێكیش لە سیارەكانی تر بەشەڕ خۆمان گەیاندە رۆژئاوا، سەر ئەنجام توانیمان گیانی زیاتر لە ( 11000 )  ئێزدی لە كۆمەڵكوژی رزگاربكەین".

بە ژمارە.. ئاماری شەهید و بێسەروشوێنكراوانی ئێزدی
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، بە مەودا میدیای راگەیاند "نزیكەی 550 هەزار كەس هەبوون لە قەزای شنگال كە 360 هەزار كەس ئاوارەبوون و 120 هەزار كەسیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات 3500 كەسیش رزگاربوون، هەروەها تاوەكو ئێستا 2777 كەس لە دەست داعش دا ماون".

بۆ سۆراغی كەسە بێسەرو شوێنكراوەكانیان تا ئێستاش كەسوكاری بەشێك لە ئێزدیەكان شوێن نییە سۆراغیان نەكردبێت بەتایبەتیش چەندین جار سەردانی كامپی هۆل-یان لە رۆژئاوای كوردستان كردووە بۆ دۆزینەوەیان، بەڵام بێ ئەنجام بووە و هەر لە چاوەڕوانی ئازیزانیاندان.

بەشێك لە ئێزدییەكانیش وەك مەحما خەلیل ئاماژەی پێكرد " لە دەستی رێكخراوە توندڕەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان كە ژمارەیان سەدان كەس دەبێت ".

ئێستا شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانەكەدا و سەرەڕای چەشتنی ئەو ئازارانە و دەربەدەربوونیان و لە دەستدانی ماڵوحاڵیان، هێشتا نزیكەی 180 خیزان لە خەڵكی شەنگال لە ناو كامپی ئاشتی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ونبووەكانیان و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیاندان، تا ئێستاش كەیسەكە لەرووی نێودەوڵەتییەوە كارێكی ئەوتۆی لەگەڵ نەكراوە و لەدادگای لاهای نێودەوڵەتیش وەك جینۆساید نەناسێندراوە".

چۆنیەتی بردنی كەیسی جینۆسایدی ئێزیدیەكان بۆ لاهای
سۆران عومەر پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لە بابەتێكدا لە فەیسبوكی خۆی نوسیویەتی"لە 12/9/2014 چوینە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، كاتی چوون بۆ دادگای لاهای، لە 10/9/2014 لەناو پەرلەمانی هۆڵەندا پاش سەرۆكی پەرلەمان قسەم لەسەر تاوانەكانی داعش دەرهەق بە كوردانی ئێزدی و توركمانەكان و كاكەیی و مەسیحی و مسوڵمانان كرد".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو " لە دادگای لاهای لەگەڵ دادوەر ئیمریك رۆجێر كۆبوینەوە لەنوسینگەی داواكاری گشتی دادگای لاهای، دادوەر ئیمریك رۆجێر بۆ خۆی فۆڕمی سكاڵاكەی بۆ پڕكردینەوە سكاڵاكار بەندەبوو وەك سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان".

لە  كۆتایی نوسینەكەی سۆران عومەردا هاتووە " سێ دۆكیۆمێنتی تاوانەكانمان پێشكەش كرد، لە كۆتایی دا وتی بۆ ئەم كەیسە كەتاوانەكانی داعشە بەرامبەر ئێزدیەكان تەنها ئەم سكاڵایە وەردەگیرێ، دادوەر وتی تكایە كە گەڕایتەوە بۆ وڵاتی خۆت ئەم فۆڕمە نیشان مەدەو مەڵێ من چوم سكاڵام لەسەر داعش تۆماركردوە چونكە ژیانت دەكەوێتە مەترسی و ئێمە لێرەوە تۆمان پێ ناپارێزرێ بۆیە خۆت بپارێزە، دوای چەندین نامەی فەرمی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، دواین جار وتیان كە عیراق ئەندام نیە لەم دادگایە رێگرە لەوەی بتوانین راستەوخۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانە بكەین، بەڵام لەرێگەی ئەو داعشانەوە دەتوانین لێكۆڵینەوە بكەین كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێكی ئەندامی دادگاكەمانن، بۆیە ناسنامەو ناوی داعشێكی دیلمان بدەنێ كەهەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێكی ئەندامی دادگای لاهایە، بەفەرمی ئەم داوایەم ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد تاكو ناسنامەی داعشێكی دیل رەوانەی دادگای لاهای بكەین بۆ ئەوەی دادگاكە لەوێوە دەست بە لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە بكەن، بەداخەوە تا ئێستە ناوو ناسنامەی هیچ داعشێك نەدرا بەدادگای لاهای تاكو لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە نەكرێ چونكە لەدادگاییەكەدا پارتی بەكەمتەرخەم لەپارێزگاری لە ئێزێدیەكان دەدرا لەقەڵەم".

Qaiwan
Qaiwan