راپۆرت

دوا بڕیار و وەرزی نوێی سیاسەتكردنی بافڵ تاڵەبانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوا بڕیار و وەرزی نوێی سیاسەتكردنی بافڵ تاڵەبانی
مەودا میدیا- مەعروف نادر

لە نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال و دواتریش كۆچی دواییەوە، ئاماژەكانی بەردەوامیی شێوازە تایبەتییە سیاسەتكردنەكەی وی دەركەوتنەوە، رەنگە لە سەرەتاوە ئاسان نەبووبێت بۆ بافڵ تاڵەبانی، پەیڕەو لە شێوازی سیاسەتێكی مێژوویی بكات كە لە رێبازی فیكری نزیك بوو بووە، بەڵام دەیان هۆكار ئەوەیان خواست، قۆڵی لێ هەڵماڵی، گوڵەكانی نێو باخچە سەوزەكەی مام جەلال كۆبكاتەوە، هەمیش شەلەشەلی نەیارەكان بۆ تێكدانی یەكێتی و بردنی بەرەو هەڵدێر بووەستێنێ‌، بەوەی لە سەروەختی "تەنیا ئەندامێتی سادە"یدا، بافڵ تاڵەبانی زۆر پیلانی تێكشكاند و زۆر كەسی رۆیشتوویشی بۆ نێو یەكێتی هێنایەوە و لە شوێنی دڵمەندی خۆیان داینان، بۆیە بۆ ئێستا كە هێزی كاریزمی باوكی، ویستی سیاسی خۆی، شەرعیەتی كۆنگرەی بۆ رێبەرایەتیكردن وەرگرتووە، ئاسانترە وەرزی نوێی سیاسەتكردنی یەكێتی پڕ بكات لە بەهاری نوێبووەوە و ببێتە "مامی سەنگینی هەمووان".

لەپشتەوەڕا جڵەوەكەی لەدەستە
ئەزموونی مێژوویی سەركردە سیاسییەكان ئەوە دەردەخەن سیاسەتكردن لەپێناو خود و بەڕێگەی دڕك رێژكراودا، ماوە و مەوداكەی كورتە، بەڵكو سیاسیی سەنگین و كاریزمای حزب و نەتەوە بەشێنەیی و دوور لە هەرا و هوریا كار دەكات، بەڵكو هەر ناشیەوێ زۆرینە بزانن بەچی شێوازێك كاردەكات و وی تەنیا ئەنجامی باشی دەوێت پێشكەشی بكات.

 چوار ئەزموونی سەركەوتووی بافڵ تاڵەبانی پێمان یەژن شێوازی سیاسەتكردنەكەی سەركەوتووە بگرە بەرپرسیارانە و دڵمەندیشە:

یەكەم: بەشێنەیی كۆتایی بە رەوتی ناوەندی بڕیار هێنا.
دووەم: "یەكێتییەكانی" نێو هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری هێنایەوە و زۆرینەی بەڵینەكانی بەرانبەریان كردە كردار.
سێیەم: ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ هێژا د.بەرهەم ساڵح لە پارتی بردەوە.
چوارەم: دوایەمینیان كە ویسترا پەرلەمان بە دەردی پەرلەمانەكەی یوسف محەمەدی لێ بێت و كوردستان بكرێتەوە دوو ئیدارەیی، ئاوی بەو ئاگرەدا كرد و بەرپرسیارێتی چاكسازیی و باشكردنی ژیانی خەڵكی خستە سەر پەرلەمان و تیمی یەكێتی لە حكومەتی كوردستان.

دەباشان ئاوەدان بووەتەوە
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاستێكی باش وازی دەكات، دەباشان كە سەروەختی بوونی مام جەلال بە هاتوچۆی شاندە بیانییەكان ئاوەدان بوو، ئێستا هەمان سیمای وەرگرتووەتەوە و رۆژانە لە دەباشان گرنگترین كۆبوونەوە دیپلۆماسییەكان دەكرێن و بووەتە ترافیكێكی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسی.

ناوخۆی یەكێتی و سلێمانی رێكدەخاتەوە
لەدوای كۆنگرەوە كەشی ناوخۆی یەكێتی تائەندازەیەكی زۆر تەبا و گونجاوە، بافڵ تاڵەبانی لەدوای كۆنگرەوە وتی "چونكە هەموو یەكێتی بە هی خۆم و هەڤاڵانیش بە خوشك و برای خۆم دەزانم، بۆیە دەنگم بە هیچ بەربژێرێك بۆ سەركردایەتی نەدا"، ئەم پەیامە دوو گرنگی و مەغزای هەبوو:

یەكەم: تاڵەبانی كوڕ خاوەندارێتی لە یەكێتی دەكات، سەركردایەتییەكی چۆنایەتی دەوێت نەك چەند كەسیان لێوەی نزیك بن.
دووەم: دەیەوێت بە سیاسەتكردنێكی حەكیمانە خەڵكی یەكێتی لە ئەدای رازی بكات نەك بە پێبەخشین، هۆكاری دووەمیان هێزی خودی بۆ هەڵسانەوە لەپشتە لەپێناو یەكێتی نەك پێچەوانەكەی بتەوێ یەكێتی بكەیتە هۆكاری هەڵسانەوەی كەسەكی.

كۆكردنەوەی هێزی نەرم و هێزی رەق
لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانەوە و لە چەندین میتینگی جەماوەریدا، بافڵ تاڵەبانی سووربوونی خۆی بۆ بەهێزكردنی یەكێتی دووپاتدەكردەوە، لە قەڵاچوالان بە حەماسەتەوە وتی "ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە یەكێتی دوای حزبەكانی تر بكەوێ، بەڵكو ئیتر دەبێت حزبەكانی دیكە دوای یەكێتی بكەون".

سێ پەیامی كورت لەو قسەیەدا هەیە:
یەكەم: نوێبوونەوەی یەكێتی حەتمییە.
دووەم: سەركردایەتی نێوان ماوەی نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال تا كۆنگرە سەركەوتوو نەبوون و وایانكرد یەكێتی دوای پارتی بكەوێ، بۆیە تاڵەبانی كوڕ ئەوەی وەستان و ئەوانی لەڕووی سیاسییەوە نەك كورسی خستەوە دوای یەكێتی.
سێیەم: گەڕانەوەی بڕیاردانە بۆ دەباشان، یانی سیاسەتكردن بە شێوازە سەنگینەكەی سەرۆك مام جەلال.

لە دەباشانەوە: یەك یەكێتی سەنگینی دوور لە ژاوەژاو
گەڕانەوەی یەكێتی بۆ دەباشان گوزارە نییە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەو حزبە لەو شوێنە، بەڵكو وەرگرتنەوەی شێوازە سیاسییەكەی مام جەلالە كە لەوێ نەخشەی دەكێشا، سەنگینبوونەوەی یەكێتی لە كوردستان و چاكسازی، بەگوڕ ئیشكردن لە بەغدا و بەهێزكردنەوەی پێگەی كورد، بەهێزكردنی ناوخۆی یەكێتی، بوونی پەیوەندییەكی تەندروستی لە ناوخۆی كوردستان لەگەڵ حزبەكانی دیكە و كاركردن بۆ باشتركردنی دۆخی سیاسی كوردستان و گوزەرانی خەڵكی.

بوونی بافڵ تاڵەبانی لە لوتكەی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو فۆرمە سیاسەتكردنە دەداتەوە بە یەكێتی، جا ئیتر رەنگە كۆسپ و تەگەرەی ناوخۆی و كوردستانی و دەوروبەریشی بێتە پێش، بەڵام راستییەكە ئەوەیە:
دوا بڕیار؛ لە دەباشن و لای بافڵ تاڵەبانییە.

Qaiwan
Qaiwan