کوردستانی

لەم شارەی هەرێم لە وەرزی گەرمادا بە پلانێکی تۆکمە پارێزگاری لە سەوزایی و دارەکان کرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەم شارەی هەرێم لە وەرزی گەرمادا بە پلانێکی تۆکمە پارێزگاری لە سەوزایی و دارەکان کرا
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ساڵانە هاتنی وەرزی گەرما کاریگەری دروستدەکات لەسەر سەوزایی و دارەکانی شاری سلێمانی، بەڵام وەک وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەمساڵ رووی گەشەی دارەکانمان باشتر بوو لە ساڵانی  رابردوو، بەهۆی ئەوەی بەرنامەیەکی تۆکمەی ئاودێری دانرا بوو بۆ ئاودانی باخچە و پارکەکانی سنووری سلێمانی.

هاوژین عوسمان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمساڵ خۆشبەختانە وەرزی  ئاودێریمان باش بوو  و رووی گەشەی دارەکانمان باشتر بوو لە ساڵانی  رابردوو، چونکە ساڵانی دیکە دارەکان و چیمەنەکان زەردبوونی پێوە دیار بوو، بەڵام ئەمساڵ خۆشبەختانە دۆخی سەوزایی و دارەکان زۆر باشبوو، ئەمەش بەهۆی  ئەو بەرنامە تۆکمەیە بوو کە بۆ ئاودێری دامان نابوو وەکو خۆی جێبەجێکرا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمساڵ زیاتر کارمان لەسەر سەوزکردنەوەی ئەو باخچانە دەکرد کە سیمای زەردیان پێوە دیاربوو لەوانە پارکی ئازادی کە  چیمەنەکانی بە گشتی سەوزبووەتەوە و داری تازەمان تیا چاندووە و گۆڕانکاریمان تیادا کردووە، هەروەها لە ئێستادا یەکێکە لەو پارکە سەوزانەی کە لە ساڵانی رابردوو واتە پێش قەیرانی دارایی سەوز و جوان بوو ئێستاش وەکو هەمان ئەو سەوزاییە دەردەکەوێت".

هاوژین عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد "پارک و باخچەکانی دیکەی سلێمانی بە هەمانشێوە بەهێز و توانایی کارمەند و کرێکار و باخەوانەکانمان و ئەو دامودەزگایانەی کە هاوکاریان کردووین بە تایبەتی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، کە توانیمان ئەو 545 پارک و باخچەیەی کە هەیە لە ئەمساڵدا وەکو خۆی ئەو پلانەی کە بۆی دانرابوو  جێبەجێبکرێت و سەوز بکرێت".

وە هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد" ساڵانە لە وەرزی هاویندا ئاودان زۆربەی زۆری بە تەنکەرە واتە ئەو کۆمپانیایەی کە سیستەمی تەنکەرینەکەی بۆ دەرچوە تەنکەر دابین دەکات بە ئاوی خۆیەوە، هەروەها ئەو شەمعانەی کە هەمانە ئاو دەبین دەکەن بۆ ئەو بەشە کشتوکاڵەی کە دابەشکراوە بەسەر 16 زۆنی کشتوکاڵی لە سلێمانی هەر زۆنێک رۆژانە بەپێی ئەو رووبەڕە سەوزایەی هەیەتی ئاوی بۆ دەچێت، هەروەها رۆژانە هەموو بەشێک زیاتر لە 10 بۆ 14 تەنکەر ئاو دابین دەکرێت بۆ پارک و باخچەکان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan