یاساكه‌ ده‌رچوو به‌ڵام چاره‌نوسی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان دیار نییه‌

مه‌ودا میدیا-

پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی نوێی دەرکرد کە رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی هەزاران ئەندامی پێشووی پەکەکە بۆ ژیانی ئاسایی، بەڵام هێشتا یاساکە چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان و بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و پرسیاری گرنگ لەسەر مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد ماون.

یاسای چوارچێوە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکرایەوە و دەستەی بەدواداچوون و هەماهەنگی دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکان وادەی دوو مانگ بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە و پشتڕاستکردنەوەی مەیدانی دیاری کراوە و ئەگەر ئەم قۆناغە تەواو بکرێت، پێدەچێت راپۆرتی هەڵسەنگاندن لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بخرێتەڕوو.

دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتەکە و دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، قۆناغی وەرگرتنی داواکاری لە ئەندامانی پەکەکە بۆ گەڕانەوە بۆ تورکیا دەستپێدەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەم پرۆسەیەدا رووبەڕووی هاوسەنگییەکی سیاسیی سەخت دەبێتەوە، سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتیی دەتوانێ لە ھەڵبژاردنەکانی 2028 لە رووی ھەڵبژاردنەوە گرنگ بێت و پشتیوانیی بەشێکی بەرچاو لە دەنگدەرانی کورد بۆ خۆی رابکێشێت، بەڵام پێدانی ئیمتیازاتی فەرهەنگی و سیاسیی بە کورد رەنگە بەشێک لە پشتیوانیی رەوتە ناسیۆنالیستەکان بۆ حکومەت کەم بکاتەوە.

لەلایەکی تره‌وه‌ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر نەیارانی سیاسیی دەتوانێ تێچووی بۆ حکومەتیش هەبێت، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا کە ببێتە رکابەرێکی جددی لە هەڵبژاردنەکاندا.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان