مەودا میدیا-
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات كە هەندێك خێزانی ئاسایی لە پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری نزیكەی یەك ملیۆن دیناریان بۆ هاتووەتەوە ئەویش بەهۆی فێڵێكی حكومەتەوەیە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند”حكومەتی هەرێم لە بری ئەوەی 30 رۆژ جارێك پارەی كارەبای 24 كاتژمێری لە هاوڵاتییان وەربگرێت، دێت 40 یان 45 رۆژ جارێك لێیان وەردەگرێت، بەمەش ئەگەر هاوڵاتییەك لە 30 رۆژدا 1000 كیلۆواتی بەكارهێنابێت، ئەوا بە 45 رۆژەكە دەبێتە 1500 كیلۆوات و ئەوەش وادەكات پارەكە دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە لەسەر هاوڵاتییان بكەوێت، چونكە بەپێی سیستەمەكە تا زیاتر كارەبا بەكاربهێنیت زیاتر پارەت بۆ دێتەوە”.
وتیشی”پێشتر پارەی كارەبا بەو شێوەیە گران نەبووە، چونكە خێزان هەیە هەر وەكو مانگی پێشوو كارەبای بەكارهێناوە، بەڵام ئەم مانگە دووهێندە و سێ هێندە كارەبای بۆ هاتووەتەوە، چونكە ئێستا حكومەت ئەو فێڵە لەگەڵ هاوڵاتییان بەكاردەهێنێت بۆئەوەی پارەی زیاتریان لەسەر بكەوێت”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان داواشی لە هاوڵاتییان كرد “رازی نەبن بەوەی كە 45 رۆژ جارێك پارەی كارەبایان بۆ بێتەوە، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دوو هێندە و سێ هێندە پارەكەیان زیاتر بۆ بێتەوە”.
ئ پ