مەودا میدیا-
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و باری تەندروستییانەوە ناتوانن وەک پێویست قسە و کردارەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن.
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان رایگەیاند “ماوەیەکە هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە دەکەن کە باری تەندروستییان جێگیر نییە، ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە کاردانەوەی نەرێنی لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا دروستکردووە و بووەتەهۆی شکاندنی شکۆی ئەو هونەرمەندانە، کە ئەمەش نیگەرانییەکی قوڵی لای سەندیکاکە و خودی هونەرمەندان دروستکردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “وێڕای ئامانجی هەندێک لە دەزگا میدیاییەکان بۆ راکێشانی سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکان و خزمەتکردن بەو هونەرمەندانە، بەڵام دەرەنجامەکەی پێچەوانە بووەتەوە و پێویستە وەک وەفایەک بۆ تەمەنی پڕ بەخششیان، رێز لەو هونەرمەندانە بگیرێت و لەبەردەم کامێرادا پارێزگاری لە شکۆ و کەسایەتییان بکرێت”.
ب ح
