مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە لیژنەی بەدواداچوونی گرانی نرخی بەنزین لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد دوو پێشنیار پێشکەش بە لیژنەکە کراوە.
کاوە عەلی کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوای زیادکردنی نەوتی کردووە بۆ چارەسەری پرسەکە، وە پێشنیازیان بۆ لیژنەکە ئەوە بووە وەزارەتی نەوتی عیراق 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە وەربگرێتەوە و بەنزین بە نرخی پاڵپشتی كراو بۆ هەرێم دسبین بکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لیژنەکە بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان راگەیاندووە کە لە 9/1وە نرخی بەنزین بە شێوازێکی نوێ دادەنرێت کە ئێوە داوای بەرمیلی زیادە دەکەن ، ئەو نرخە پاڵپشتی كراوە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، بڕیارە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان بە نووسراو پێشنیازەکان بدەنە لیژنەی تایبەت”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە تێیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای (15) هەزار بەرمیل نەوتی تری بە نرخی پاڵپشتی كراو کردووە لە (2026/7/20)، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق رەزامەند نەبووە”.
ب ح