مهودا میدیا-
شەڕ لەگەڵ ئێران نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە، بە چوار قۆناغدا پەرەی سەندووە، یەکەمیان لە 28ى شوبات بە هێرشی چڕ و پڕی فڕۆکە دەستیپێکرد، دواتر شەش هەفتە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چڕ و پڕی بەرز ئەنجامدرا.
قۆناغی دووەم بە ئاگربەست لە 7ی نیسان و دانوستانەکانی دواتر دەستیپێکرد و بە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە 17ى حوزەیران گەیشتە لوتکە.
چەند هەفتەیەک دواتر قۆناغی سێیەم دەستیپێکرد کاتێک ئێران دەستیکردەوە بە پەکخستنی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز، ئەمەش بووە هۆی خولێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی تیت بە تات.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزەوە ئەمهریکا گەمارۆی سەربازیی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی گەڕاندەوە، هاوکات سوپای ئەمهریکا کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی هێڵەکانی کەشتیوانیی و پاراستنی ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە لە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر گەمارۆی هەناردەی نەوتی ئێرانی سەپاندووە، لە کاتێکدا کە کەشتیوانیی جیهانی تاڕادەیەک دەستی بە بوژانەوە کردووە و نرخی وزە بە جێگیری ماوەتەوە، ئاژانسى بلومبێرگ نیوز لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، رۆیشتنی نەوت لە گەرووەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ دوو لەسەر سێی ئاستی پێش جەنگ.
ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی فشارەکان لەسەر ئێران، بەو پێیەی تاران توانای بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەکو هێڵی هێرشبەری لەدەستداوە، بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن.
ئێران لە ئێستاوە بەهۆی چەندین ساڵ سزا و خراپ بەڕێوەبردنی ئابوورییەوە هاتە ناو شەڕەکەوە و بەپێی خەمڵاندنەکان ئێستا دۆخی ئەو وڵاتە ناجێگیرترە.
سندووقی دراوی نێودهوڵهتيی پێشبینیی دهکات، ئابووری ئێران لهمساڵدا به رێژهی زیاتر له سهدا 5 کهمدهبێتهوه و ههڵئاوسانیش نزیک دهبێتهوه له سهدا 70، بەهای دراوەکە زۆر دابەزیوە، نرخی کاڵا سەرەتاییەکانیش بەرزبووەتەوە.
بهرپرسێكى وهزارهتى كارى ئێران ئاماژهى بهوهكردووه، له ماوهى شهڕدا زیاتر له یهك ملیۆن ههلى كار له ئێران كهمیكردوه.
ئەم ژمارانە بەرچاون، چونکە توانای ئێران بۆ بەردەوامبوونی ململانێکان تەنیا پەیوەست نییە بە مانەوەی جبەخانەی مووشەکییەکەیەوە. بەر لە شەڕ، دەسەڵاتداران بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووری رووبەڕووی فشاری گشتیی بێوێنە بوونەتەوە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەزاران کەس لە ناڕەزایەتی دەربڕین رژانە سەر شەقامەکان.
بەگوێرەی راپۆرتی سی ئێن ئێن، تاکە رێگای دەربازبوون بۆ ئێران ئەوەیە کە واز لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی لە گەرووەکە بهێنێت و دەستبەرداری ئەوەی ماوەتەوە لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم کە زۆربەیان پێشتر لەناوچوون.
بەڵام گرتنەبەری هەریەک لە هەنگاوەکان، لە روانگەی سەرکردە توندڕەوەکانی سوپای پاسدارانەوە، وەک نیشانەی لاوازی و هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان دەردەکەوێت.
ع