شه‌ڕى ئێران بووه‌ته‌ بازاڕێكى گه‌رم بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران

مه‌ودا میدیا-

کاردانەوەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران چیتر تەنیا لە نرخی نەوت و سووتەمەنیدا سنووردار نییە، پچڕانی کەشتیوانیی لە گەرووی هورمز و دەریای سوور بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گواستنەوەی بار و بەرزبوونەوەی بەهای کەشتیەکان، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەرانی نامۆ بەو کەرتەدا رابکێشن، لەنێویاندا سندوقەکانی خانەنشینی کە پاشەکەوتی ملیۆنان فەرمانبەر بەڕێوەدەبەن.

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرای دەکات کە دامەزراوە داراییە گەورەکان دەستیان کردووە بە سەیرکردنی کەشتیی وەک سەروەت و سامانێکی درێژخایەن کە دەتوانێت داهاتی رێکوپێک بەدەستبهێنێت و بە ئاسانی بە هۆی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان یان سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد بێبەها نابن.

بەڵام چۆن شەڕێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت کەشتییەکی نەوتهەڵگر زیاتر سەرنجڕاکێشتر بکات بۆ وەبەرهێنەران؟

کاتێک تێپەڕین بەناو گەرووی هورمز یان دەریای سووردا مەترسیدار دەبێت، هەندێک کەشتیی ناچار دەبن چاوەڕێ بکەن یان رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و رێگای درێژتر بگرنەبەر، ئەمەش بەو مانایەیە کە گەشتێک کە پێشتر چەند هەفتەیەکی دەویست، رەنگە پێویستی بە کاتێکی زیاتر هەبێت، لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی سووتەمەنی، زیادبوونی تێچووی بیمە و زیادبوونی کرێی تیمی فڕۆکەوانی.

بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر گواستنەوەی نەوت و گاز و دانەوێڵە و کاڵاکانی تر زۆرە، کۆمپانیاکان کێبڕکێ لەسەر کەشتییە بەردەستەکان دەکەن، ئەمەش رێژەی کەشتیوانیی بەرز دەکاتەوە، تا کەشتییەک لە هەر گەشتێکدا زیاتر داهاتی هەبێت، بەهای زیاتری دەبێت بۆ خاوەنەکانی و ئەو وەبەرهێنەرانەی کە دەیانەوێت بیکڕن یان پارەی بۆ دابین بکەن.

سندوقەکانی خانەنشینی پاشەکەوتی کارمەندان کۆدەکەنەوە و بۆ دەیان ساڵ وەبەرهێنانیان پێدەکەن بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانن خانەنشینی بدەن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتیی بەدوای سەروەت و سامانی درێژخایەندا دەگەڕێن کە داهاتێکی پێشبینیکراو دابین بکەن، وەکو خانووبەرە، رێگاوبان و وێستگەی کارەبا.

ئێستا، بەشێک لەم پارەیە دەستی کردووە بە رژان بۆ ناو کەشتییەکان. سندوقی خانەنشینی لەوانەیە کەشتییەک بکڕێت و دواتر بە گرێبەستێکی درێژخایەن بیدات بە کۆمپانیایەکی کەشتیوانی، یان پارەی دروستکردنی بۆ گەڕانەوەی جێگیر دابین بکات، بەبێ ئەوەی خۆی بەڕێوەببات.

کۆمپانیای وەبەرهێنانی هاڤن سندوقێکی نوێی دەریایی کۆدەکاتەوە کە دەتوانێت دوو هێندەی سندوقی پێشووی 62 ملیۆن دۆلار بێت. هەروەها داوای حەوت تانکەری بەرهەم و دوو کەشتیی هەڵگری غازی سروشتیی شل کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای JPMorgan Asset Management فەرمانی دروستکردنی هەشت سوپەرتانکەری دەرکردووە بە تێچووی نزیکەی 1.26 ملیار دۆلار، لەگەڵ بژاردەی کڕینی دوو تانکەری زیادە.

وڵاتانی عەرەبی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە، جا لە رێگەی بەندەرەکانیانەوە بێت، کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی و پاڵاوگەکانی نەوت بێت، یان لە رێگەی زیادبوونی تێچووی هاوردەکردنەوە. لە کاتێکدا رەنگە هەندێک لە کۆمپانیا و سندوقەکانی کەنداو سوودمەند بن لە خاوەندارێتی کەشتی، بەڵام کەرتەکانی دیکە باری درێژتری رێگاکانی کەشتیوانیی لە ئەستۆ دەگرن.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان