مەودا میدیا-
دوێنێ بە فەرمانی دادوەری دادگای كەلار، عەدنان محەممەد، سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكاران و پیشەوەران دەستگیر كراو ئەمڕۆش ژمارەیەك لە شۆفێران گردبوونەوە و داوای ئازادكردنی دەكەن.
محەممەد بورهان، یەكێك لەو شۆفیرنەی كە لە هێڵەكانی كەلار كار دەكات بە مەودا میدیای راگەیاند” سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكاران لەسەر ئەوە دەستگیر كراوە كە رێگری كردووە لەو شۆفێرانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی لە هێڵەكانی دەرەوە و ناوەوەی شاردا كار دەكەن”.
وتیشی”ئەو كارەی ئەو كردوویەتی كارێكی یاساییە و رێگرییە لە دزینی قووتی دەیان شۆفێری هێڵەكان كە بەشێوەیەكی یاسایی كاردەن و هێڵەكانیشیان یان لەلایەن سەندیكاوە پێدراوە یان بە بڕە پارەیەكی زۆر كڕیویانە”.
ئاماژە بۆ ئەوەش كرد” ئەوان ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای كەلار گردبوونەتەوە بۆئەوەی بە هەموو لایەك بڵێن دەستگیركردنی سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكاران خزمەت بە چینی هەژاران و بە تایبەتیش شۆفێران ناكات، بۆیە داوا دەكەن ئازاد بكرێت و بگەڕێتەوە سەر كار و پیشەی خۆی”.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا ئەوە بۆ دووەم جارە كە سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكاران و پیشەوەران دەستگیر دەكرێت و دەستگیركردنەكەشی لەسەر سكاڵای چەند شۆفێرێك بووە كە بە شێوەیەكی نایاسایی لە هەندێك لە هێڵەكانی گواستنەوەی ناوە و دەرەوەی قەزای كەلار كار دەكەن و بە رەسمی خاوەن هێڵ نین.
ئ پ