رێنمایی نوێ بۆ مۆڵەتی بێ مووچە دەرکرا

مەودا میدیا-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بە فەرمانبەران دەرکرد کە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، دەسەڵات دەدرێتە وەزیر و سەرۆکی دەستە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بۆ پێدانی مۆڵەت لە کاتی پێویستدا بە مەرجێک ماوەکەی لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “ماوەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت، هەروەها کارکردن بە چەندین رێنمایی ساڵانی 2015 تاوەکوو 2022 سەبارەت بەم پرسە رادەگیرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتیان وەرگرتووە، مامەڵەیان بەپێی رێنماییە کۆنەکان لەگەڵ دەکرێت تاوەکو ماوەی مۆڵەتەکەیان تەواو دەبێت، بەڵام دواتر مافی نوێکردنەوەیان نییە”.

ئەوەشی خستەڕوو “ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەگەر کۆی ماوەکەیان دوو ساڵی پڕکردبێتەوە، مافی وەرگرتنی مۆڵەتی نوێیان نابێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان