مەودا میدیا-
ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان و بەشداریی بەرپرسانی ئەمنیی و حکومی، کۆبووەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسییەی دادگاییکردنی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق رایگەیاند “دۆسییەی هەر دەستگیرکراوێک بە سەربەخۆیی و بەپێی ئەو رێککەوتننامە دووقۆڵییانە دەکرێت کە لەنێوان بەغدا و وڵاتی تۆمەتبارەکەدا ئەنجامدراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیندانیی و سزادراوە بیانیانەی لە سوریاوە بۆ گواستراونەتەوە بۆ عیراق بە شێوەی تاکەکەسی و بەپێی رێککەوتننامەکان و سەرجەم رێکارە دادوەرییەکان لەسەر بنەمای یاساکانی عیراق دەبێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتیی راسپێردراون بۆ تاوتوێکردنی هەر دەستپێشخەری و پێشنیازێک، کە لەلایەن وڵاتان یان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەش دەکرێت بۆ هاوکاریکردنی عیراق لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباراندا”.
ب ح