مەودا میدیا-
سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد داوایان لە وەزارەتى پلاندانانى فیدراڵ کردووە پشکى هەرێمى کوردستان لەو قەرزانە دابینبکرێت کە بۆ جێبەجێکردنى پرۆژە دەدرێنە عیراق، لەسەرجەم بابەتەکان ئەنجامى دوایین سەرژمێرى کارى پێبکرێت کە رێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14.1% نەک 12.67.
ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا بەرهەمدار بوون، وەزیرى دارایی عیراق بەڵێنیداوە دادپەروەر بێت و هەمان مامەڵەى فەرمانبەرێکى پارێزگاکانى تری عیراق لەگەڵ فەرمانبەرانى هەرێم بکات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کارى لە پێشینەمان بووە و پێشنیازیانکردووە مووچە لە هەر ناکۆکییەک بە دوور بگیرێت، وەزیرى دارایی بەڵێنى نەداوە داواکارییەکان جێبەجێ بکات، بەڵام تێگەیشتنى بۆ دۆخەکە هەبووە”.
ئەوەشی خستەڕوو ” داوایانکردووە لە دامەزراندندا، بەپێی رێژەى دانیشتووان مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکرێت، بودجەى پێشمەرگە لە بودجەى سیادى دابینبکرێت، بڕیار لە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران بدرێت”.
ب ح