مەودا میدیا-
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد ئێوارەی ئەمڕۆ، گەنجێک بە ناوی (محەمەد عەبدولڕەحمان)، دانیشتووی شاری کەلار، گەڕەکی ئەندازیاران، کە پیشەکەی پەرستارەو تەمەنی 30 ساڵە، لەگەڵ باوک و کەسوکارەکانی بەمەبەستی راوەماسی چووەتە گوندی تازەدێ لەسەر رووباری سیروان.
عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند “گەنجەکە لە کاتی راوەماسی و بەهۆی گیرکردنی تۆڕی راوکردنی ماسی بە پێی ناوبراو، خنکاوە و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لەئێستادا تیمەکانی فریاکەوتن و ژێرئاوی گەرمیان دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەو گەنجە و پۆلیسی گەرمیان لە شوێنی رووداوەکە ئامادەیە و لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە”.
ب ح