بایک: یاسای چوارچێوە پرسی کورد چارەسەر ناکات

مەودا میدیا-

هاوسەرۆکی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە یاسای چوارچێوە ئاشکرایکرد ئەو یاسایەی دەرکراوە یاسای دەوڵەتە و کەموکوڕی زۆرە و بەو شێوەیە پرسی کورد چارەسەر ناکات و دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە جەستەیی ئازادببێت تاوەکو ئەوان چەکەکاننان دابنین.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە رایگەیاند “مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان زۆرن و بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەی پێکهێنانی یەکڕیزیی گەلی کوردن، هەروەها بابەتی دانانی چەک بەو شێوەیە نییە کە ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دانیشتبێت و بڕیاری چەکدانانی دابێت، بەڵكو هەڵسەنگاندنی کرد کە چەک هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “راستەوخۆ دیدارانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام نەداوە، بەڵام پەیامی بۆ ئەوان دێت و پەیامی بۆ دەنێرن، هەر خۆی بە دەرکردنی یاساکەش دەبێت راستەوخۆ دیدار ئەنجام بدەن و هیچ رێگرییەک لەبەردەم ئەو دیدارانە نەبێت، بەڵام هەندێک لایەن لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا کار بۆ ئەوە دەکەن کە پرۆسەکە تێکبدەن و ئەو یاسایەشی کە دەرکراوە پرۆسەکە دوادەخات”.

ئەوەشی خستەڕوو “ماوەی (100) ساڵە کورد خراوەتە دەرەوەی یاسا و دەستوور، بۆیە دەبێت دەستوور بگۆڕدرێت و یاسای تایبەت بە کورد دروستبکرێت و هەموو مافەکانی کورد دەستەبەربکرێت، لە تێکۆشانی (50 ساڵ)ی رابردوودا قوربانی زۆرانداوە و گەلی کوردیان خستەسەر پێ و ئێستا کوردان دەیانەوێت بە ناسنامە، زمان و کولتووری خۆیان و بە ئازادی بژین، ئەمەش مافێکی سرووشتی و رەوای خۆیانە”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان