هێرۆ عومەر
ژن لە مێژوودا هەمیشە چرای داگیرساوی ماڵ و کۆمەڵگە بووە، بەڵام ئەمڕۆ هێزەکەی تەنها لە پەراوێزدا نەماوەتەوە؛ بەڵکوو بووەتە بزوێنەری سەرەکیی داهێنان و سەرکەوتن، بەو پێیەی لەسەر ئاستی جیهان کاریگەرییەکانی کارکردن و بەشداریی ژنان زیاتر دەرکەوتوون و ژنانی کوردیش هەوڵیانداوە سوود لەو کاریگەرییانە وەربگرن، بەڵام دەشبینین سەختی و رێگریی زۆر لەبەردەمیاندا هەیە.
کارکردنی ژن و بوون بە خاوەنکاری خۆی، تەنها هەنگاوێک نییە بۆ بژێویی باش و پەیداکردنی پارە و سەرمایەی زیاتر، بەڵکوو پەیوەندیی بە خۆ سەلماندنییەوە هەیە، هەروەها ئاماژەی بەرجەستەکردنی ئیرادە و درووستکردنی پێگەیەکی سەربەخۆی بەهێزە کە هاوسەنگی دەهێنێتە کۆمەڵگەوە. ئەوە وادەکات ژن زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت و هەر لە بن سێبەر و هێز و هەژموونی پیاودا نەمێنێتەوە.
کاتێک ژنێک دەست بە کارێک دەکات و دەبێتە خاوەنی بڕیار و براندی خۆی، نەک هەر ئابوورییەک دەبووژێنێتەوە یان هەلیکار بۆ کۆمەڵە مرۆڤێکی دیکە، ئیتر پیاو یان ژن بن دەڕەخسێنێت، بەڵکوو ئیلهام بە نەوەکانی داهاتووش دەبەخشێت. دەستە پڕ لە هێزەکانی ژن، توانای ئەوەیان هەیە بناغەی پرۆژەیەک دامەزرێنن کە ژیان لە کۆمەڵگەدا گەشاوەتر و جوانتر بکات.
بۆ زیاتر هاندانی ژن کە هێزی خۆی بەرجەستە بکات، پێویستە هەموومان پشتگیری و رێز لە ئیرادەی ئەو ژنانە بگرین کە بە ماندووبوون و باوەڕبەخۆبوون، مێژووی کاری خۆیان دەنووسنەوە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان ملیاردیری ژنمان نییە، لەبەر ئەو هەلومەرجەی بۆ رەگەزی مێ نەڕەخساوە و کۆسپی زۆریان لەبەردەم دانراوە، بە پێچەوانەوە پیاوان دەرفەتی زۆریان خراوەتە بەردەست و بەو هۆیەیشەوە بوونەتە خاوەنکاری گەورە و رەنگە بیریش لەوە نەکەنەوە دەرفەت بۆ ژن بڕەخسێنن بگەنە ئاستی کار و سەرمایەی ئەوان.
مادام بارودۆخەکە وایە و کۆسپەکانی بەردەمیان هەر ماون، ئەرکی ژنان خۆیانە هەوڵی جدی بدەن بۆ ئەوەی خۆیان دەرفەت بۆ خۆیان بڕەخسێنن، ئەوەیش پێویستی تەنها بە کارکردن نییە، بەڵکوو دەبێت ریسک بکەن و بۆ داهاتوویەکی گەشاوە و سەرکەوتوو لە هەنگاونان و کارکردنی جدی کۆڵ نەدەن.
ئەزموون و توێژینەوەکان سەلماندوویانە توانای ژنان لە توانای پیاوان کەمتر نییە، هەروەها توانای هزری و بیرکردنەوەیشیان لە ئاستێکی بەرزدایە، بۆیە ئەگەر بە وردی کاربکەن و پرۆژەی ئابووریی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەوا دەبنە خاوەن سەربەخۆیی خۆیان و ئەوەیش گرنگە بۆ وەرگرتنەوەی زیاتری مافەکانی ژنان.