مەودا میدیا-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی ناوچەی بادینان لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی بە چاودێری سوپای تورکیا
ئاشکرایکرد ئەم ڕەفتارە نەخوازراوە دەبێتەهۆی وێرانبوونی ژینگەی سرووشتی، ئاوارەبوونی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، و تێکدانی هاوسەنگیی سروشت لە ناوچەکەدا.
مامۆستا فاتیح شوانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “داربڕین و بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنەوەیان، تاوانێکی گەورەی ژینگەیییە و زیانێکی قەرەبوونەکراوە بە سروشت و دارستانە دێرینەکانی ئەو ناوچانە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “پاراستنی دارستانەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە، چونکە بڕینی هەر دارێک، لەناوبردنی بەشێک لە سییەکانی زەوی و جوانیی خاکی کوردستانە و ئەم پرۆسەیە تاوانێکە بەرانبەر سرووشت ئەنجام دەدرێت و دەبێت بەپەلە راگیرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەرکی هەمووانە بەتایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێکخراوە ژینگەیییەکان و هاوڵاتییان، کە دژی ئەم دۆخە بێنە دەنگ، بەداخەوە تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار بێدەنگی و بێهەڵوێستی هەڵبژاردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانن حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی فەرمی و بەپەلە لەسەر ئەم دۆخە بدات”.
ب ح