په‌رله‌مانى ئێران لێپرسینه‌وه‌ له‌ عیراقچى ده‌كات

مه‌ودا میدیا-

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئه‌مڕۆ سێشەممە لە راپۆرتێکدا باسى له‌وه‌كردووه‌ داواکارییەک پێشکەش بە پەرلەمان کراوە بۆ لێپرسینەوە لە عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران.

ئاژانسەکە لە زاری محەمەد ره‌شیدی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بڵاویکردەوە “داواکاری لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوە تۆمارکراوە، بەڵام تائێستا رەوانەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکراوە”.

رەشیدی دەشڵێت “پێدەچێت یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان ئەم داوایەی پێشکەش کردبێت، بەڵام نەخراوەتە بەردەم دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان”.

عیراقچی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر رووبەڕووی رەخنە بووەوە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمه‌ریکا لە نیویۆرک بەبێ هەماهەنگی یان مۆڵەتی پێشوەختە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی داڕشتنی سیاسەتەوە کە بەرپرسیارن لەو فایلە.

ئاژانسەکە لە زاری موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە رایگەیاندووە، مەرجەکانی ئێران دەبێ بگەیەنرێتە نێوەندگرەکان نەک راستەوخۆ بە ئەمه‌ریکییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانەکەی رەزایی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نەبوونی مۆڵەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم چوارچێوەیە و پەیوەندیکردن لەگەڵ ویتکۆف پشتڕاست دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نووسیویەتی “پێویستە بەردەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و گەلی ئێران لێپرسینەوە لە عیراقچی بکرێت لەسەر ئەم کارە هەڵەیە، کە پێچەوانەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە، چ حیساباتێک وای لێکرد ئەم هەڵە گەورەیە ئەنجام بدات”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان