بۆچی ترەمپ لەناكاو لە لێدانی ئێران پاشگەزبووەوە ؟

هەڵوەشاندنەوەی لەناكاوی هێرشە سەربازییە چاوەڕوانكردنەوەكەی سەر ئێران، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و ئاماژەدان بە لێكتێگەیشتنەكان سەبارەت بە كردنەوەی گەرووی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بوو بە جێگەی گومان و پرسیار لەبارەی پاڵنەرەكانی پشت ئەم پاشگەزبووەنەوە لەناكاوەوە، كە ئایا هۆكارەكەی پێشكەوتنێكی دیپلۆماسی راستەقینەیە، یان تەنها دواخستنێكی كاتییە كە رێگە خۆشدەكات بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان؟

كاتژمێرەكانی دوای راگەیاندنی پاشگەزبوونەوەكەی ترەمپ، بێدەنگییەكی بەرچاو ئەندامانی ئیدارەی ئەمەریكا و كۆنگرێس و شرۆڤەكارانی سیاسیشی داگرت، كە ئاماژەبوو بۆ كەوتنەحاڵەتی دۆخی شۆك و سەرسوڕمانەوە، ئەویش دوای ئەوەی لە دوو رۆژی پێش ئەوەدا چاوەڕێی هێرشێكی سەربازی بەرفراوان دەكرا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەكان، لەوانەش دامەزراوەی وزە، وێستگەكانی پاڵاوتنی ئاو، دامەزراوە ئەتۆمییەكان و ئامانجە ستراتیژییەكانی دیكە.

پێش راگەیاندنەكەی ترەمپ، زۆربەی هەڵسەنگاندنەكان پێشبینیان كردبوو ئەمەریكا بچێتە قۆناغێكی نوێی هەڵكشانی سەربازییەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام پاشگەزبوونەوە لەناكاوەكەی ئەمەریكا پرسیاری بەرفراوانی لەناو واشنتۆن سەبارەت بە پاڵنەرەكانی پشت ئەم گۆڕانكارییە لەناكاوە وروژاندووە.

زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە رەنگە هەوڵێكی دیپلۆماسی چڕ بە سەرۆكایەتی قەتەر، سعودیە، توركیا و میسر لە چەند كاتژمێری پێش پاشگەزبوونەوەكە درابێت بۆ رازیكردنی كۆشكی سپی بۆ ئەوەی دەرفەتێكی دیكە بە پرۆسەی سیاسی بدات و ئەوەش وایكردبێت سەرۆكی ئەمەریكا هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.

باس لەوەش دەكرێت بە دەستێوەردانی ناوبژیوانانی ناوچەیی، گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا كەم بووەتەوە، راگرتنی هێرشەكانیش رێككەوتنی كۆتایی نییە، بەڵكو “وەستان”ێكی چەند رۆژییە بە ئامانجی دروستكردنی كەشێكی لەبارتر بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەسەر گەرووی هورمز و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران.

بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی جەزیرە، دانوستانەكانی ئێستا لەسەر ئایندەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز دوای تەواوبوونی رێكەوتنە كاتیەكە چڕ بووەتەوە، ئێرانیش پابەندە بە پرەنسیپی ” تێپەڕینی سەلامەت” كە لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپاوە، ئەمەش بەو مانایەیە كە تێپەڕین بەناو گەرووەكاندا نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتانی كەنار دەریا، چونكە تاران پێی وایە ئەو كەشتیانەی لە باشوورەوە بەو گەروەدا تێدەپەڕن، مەترسی دروست دەكەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا، بۆیە ئێران پێشنیاری ئەوە دەكات كە چوونە ژوورەوە لە رێگەی رێڕەوی باكوورەوە بێت، كە دەكەوێتە ناو ئاوەكانی ئێرانەوە، لە هەمان كاتدا بەشێك لە رێڕەوی باشووری تەنیشت عومان بۆ دەرچوون تەرخان بكرێت، كە نزیكەی ٢٠%ی كۆی گشتی پێكدەهێنێت.

هاوكات دكتور مەحجوب ئەلزوەیری، شارەزای سیاسەتی ئەكادیمی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت” لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا سەبارەت بە گەیشتن بە رێككەوتنێك كە بریتییە لە كردنەوەی گەرووی هورمز و كۆتایی هێنان بەو مەترسیانەی كە لەلایەن بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە دروست بووە، بە پلەی یەكەم ئامانجی رای گشتی ئەمەریكایە. ئەوەشی تا ئێستا بەدەستهاتووە لە پێشكەوتنێكی كاتی زیاتر نییە كە رەنگە رێگە خۆش بكات بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، بەڵام ئەوە نیشانەی كۆتایی شەڕەكە نییە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە” ژمارەیەك لە توێژەرانی ئەمەریكی پێیان وایە كە ئیدارەی ئەمەریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا رووبەڕووی “شكستێكی ستراتیجی” بووەتەوە، هەروەها بژاردەكانی سنووردار بوون، لێدوانەكانی ئەم دواییەی ترەمپیش ئەو تێڕوانینە بەهێزتر دەكەن”.
ئامادەكردن و وەرگێڕان، ئەرسەلان پەرۆش

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان