خودا لە بەرپرسانی هەرێم خۆش نابێت

مەودا میدیا-
پرۆفیسۆر د. حسن موفتی، سەرۆكی لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەسەر گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت “پاشەكەوتی مووچە (حق الناس)ە و خوای گەورە لە بەرپرسانی هەرێم كە دەستیان لەو كارەدا هەیەخۆش نابێت، مەگەر ئەوەی حەقخوراوەكان بەخوایشتی خۆیان لێیان خۆش بن”.

دەقی روونكردنەوەكەی سەرۆكی لێژنەی باڵای فەتوای هەرێم ئەمەیە:
ئەركی شەرعی و یاسایی حكومەتە لە هەر وڵاتێك بە كوردستانیشەوە كە مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ دواكەوتن مافی مووچەخۆرانی بەتەواوەتی بدات، هەروەها ئەركی حكومەتە ئەو مووچانەی نەیداون یان پاشەكەوتی یەكلایەنەی بۆ كردوون، بە میكانیزمێكی گونجاو بەر لە هەموو كارێكی تری، بیگەڕێنێتەوە، چونكە ئەو مووچانە قەرزو دەینە لەسەری، بە هیچ بەهانەیەك نابێت فەرامۆشی بكات، لانی كەم پێویستە لەسەری قەرزی مووچەكانیان بخاتە سەر هەژمارێكی بانكی و موچەخۆرانیش لەبری قەرزی ئاو و كارەباو زەریبەی ئەرزەو خانوو ..هتد، لەو رێگەیەوە قەرزەكانیان بدەنەوە بە حكومەت كە ئەركی ئەمانیشە ئەوە جێبەجێ بكەن، هەتا كۆی قەرزەكانیان هەردوولا تەواو دەبێت، ئەوكات هاوڵاتی هەست دەكات كە حكومەتێكی دڵسۆز و شەرعڕەو و یاساپەروەری هەیە.

ئەو بابەتەش پێشتر بە نوسین و سەرزارەكیش رامانگەیاندووە بە لایەنی راستەوخۆی پەیوەندار كە ئەركی شەرعی و نیشتیمانی و یاسایییانە بە زووترین كات مشورێكی جیددی لەو كێشە گەورەیە بخۆن و چیتر فەرامۆشی نەكەن، بەپێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن لە دونیاو قیامەتدا، چونكە ئەوە لە بابەتی (حق الناس)ە و خودا (جل جلالە) لێی خۆش نابێت مەگەر خاوەن حەق بۆ خۆی و بە خواهیشتی خۆی تەنازولی لێ بكات یان لە دونیا یان لە قییامەت.
خوای گەورە یارمەتیدەری دڵسۆزانەو ئێمەش هێشتا هیوابڕاو نەبووین..
والله تعالی اعلم
پ.د. حەسەن موفتی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە كوردستان
٢٦ رەبیعی دووەم ١٤٤٨ك
٨-١٠-٢٠٢٦

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان