مەودا میدیا-
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد پاش هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ، ئەمڕۆ توانییان رەزامەندیی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی فیدراڵ بەدەستبهێنن.
سروە محەمەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق لە پەیامێکدا کە وێنەیەکی ئاڕاستەی مەودا میدیا کردووە رایگەیاند “ئەم رەزامەندییە تایبەتە بە کارئاسانی و رێگەدان بە یەکسانکردن و هاوتاکردنی بڕوانامەی ئەو خوێندکارە کوردانەی کە دەیانەوێت لە چوارچێوەی (100 کورسیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان)دا، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) ئەنجام بدەن، لەبەر ئەوەی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی بڕوانامەکان کاتێکی زۆری پێویستە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە ئێستادا خوێندکاران دەستیانکردووە بەپێشکەشکردن بەمەبەستی خوێندن بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروستبووە ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی بەردەم خوێندنی خوێندکاران، بۆیە ئەم هەنگاوەیان بە شێوەیەکی پێشوەختە جێبەجێ کرد، تاوەکو خوێندکاران لە کاتی پێشکەشکردندا رووبەڕووی چاوەڕوانی و ئاستەنگی رۆتینی نەبنەوە و بتوانن بە ئاسانی پڕۆسەکانیان تەواو بکەن”.

ب ح