چەکەکان؛ بازاڕیان بۆ ساغکردنەوەیان دەوێت

هیوا محەمەد

چەک، بەتایبەتی چەکی ئێستا کە هەموو سنوورەکان دەبەزێنێت و کاریگەریی گەورەی لەسەر وێرانکردنی پانتایی زۆر و ژێرزەمینە قووڵەکان هەیە، ئەمە جگە لەوانەی پێیان دەوترێت کیمیایی و ئەتۆمی!

بازرگانیی چەک یەکێکە لە هەرە سەرچاوە باشەکانی داهات بۆ گیرفانی سەرمایەداران، دەڵێین سەرمایەداران، لەبەرئەوەی کە ئەوان دەتوانن لەپشت ئەم بازرگانییە زەبەلاحەوە بن.

نەوت ئاشتی دەبەخشێت، سووتەمەنییە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە سەرما، ئەو بەرهەمانەش لەو درووستدەبن، هەموویان پێویستیی مرۆڤایەتین، واتا چەندە پەرەیپێبدرێت، هێشتا هەر لە سوودی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە.

دەرمان، حەب و دەرزییە گرنگەکان، تەنانەت ئەوانەش کە چارەسەری نەخۆشییە کوشەندەکانن، چەندە بازرگانییان پێوە بکرێت و تێچووەکەی زۆر بێت، هێشتا هەر باشە و بۆ خزمەتی مرۆڤە.

چەک بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ لەناوبردنی مرۆڤ و کاولکارییە، ئەمەیان دواکەوتوویی، نەخۆشی، ماڵوێرانی، لەناوبردنی مرۆڤ، تۆقاندنی دەروونی، دەهێنێتەکایەوە، لەبەرئەوە چەندە فراوان بێت و پێشبکەوێت، زیاتر زیان بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.

بازرگانیی مادەی هۆشبەریش وەک چەک کوشەندەیە، یەکێکە لە سەرچاوە داراییەکان بۆ ئەوانەی دەیکەن، بەڵام ئەگەر مرۆڤەکان لێی دوور بکەونەوە و بەکارینەهێنن، ئەوا سەرچاوەکەی وشک دەکات و کەس نایکڕێت.

بازاڕی ساغکردنەوەی چەک، سیاسەتێکی فرتوفێڵی دەوێت، دەبێت ئەوانە بیگرنەبەر کە درووستیدەکەن، بۆ ئەمەش (سیاسییەکانیان) هەڵدەستن بە نانەوەی کێشە و گرفتی گەورە لە نێوان نەتەوە و مەزهەب و خێڵە جیاوازەکاندا و دواتریش هەر خۆیان چەکی کۆگاکانیان پێدەفرۆشن و سوودە زەبەلاحەکە دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان.

کاتێک زلهێزێکی خاوەن چەکی پێشکەوتوو، دەیەوێت هەستێت بە راگرتنی جەنگێک، ئیتر راستەوخۆ لەگەڵ خۆی بێت یان لە نێوان دوو وڵاتی جیاوازدا، دەبێت رەزامەندیی دەستەی بەڕێوەبردنی جەنگ کە خۆی لە وەزارەتی جەنگ یان بەرگرییدا دەبینێتەوە وەربگرێت، چونکە ئەوانیش بەپێی راپۆرتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چەک هەنگاو دەنێن، ئەگەر بزانن بەپێی پێویست کۆگاکانیان سوودمەندبوون و بڕێکی باش چەکیان لێ چووەتە دەرەوە، ئەوا رازی دەبن بە راگرتنی جەنگەکە، دەنا داوا دەکەن درێژەی هەبێت!

زۆر جار بیستوومانە کە جەنگێک هەڵدەگیرسێت، یەکسەر سەرۆکی وڵاتێکی زلهێز دەڵێت: ئەمە ئەوەندە ساڵی پێدەچێت، واتا خۆیان بەرنامەیەکی ستراتیژییان بۆ داناوە و پەیوەستیشە بە چۆنێتی خێرایی ساغکردنەوەی چەکەکانی کۆگاکانیان، هەندێکجار خۆیان کە چەکەکە دروستدەکەن دەزانن بۆ کام ئامانج بەکاریدەهێنن، هەر لەوێشەوە چەکی دژی ئەوەش دروستدەکەن بۆ ئەوەی بیدەنە لایەنی بەرانبەر و نرخی زیاتری لێبستێنن.

ئەوان مووشەکێکی کاریگەر دەفرۆشن بە وڵاتی یەکەم، دواتر لەوەش کاریگەرتر دەفرۆشن بە وڵاتی دووەم، جا ئەگەر خۆیان بیانەوێت یەکێکیان بەسەر ئەوی تردا زاڵ بێت، ئەوا باشترینەکەیان دەدەنە ئەو.

ئێستا بەهۆی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەدان هەزار تۆن چەک لە کۆگاکانەوە هێنرانە دەرەوە و بەسەر ئەم ناوچەیەدا خرانە خوارەوە، وڵاتانی کەنداو ناچار بوون بکەونە پێشبڕکێی کڕینی چەکەوە، بە بڕی دەیان ملیار دۆلار چەکیان لە ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا کڕیوە، پێش ئەمە لە ناوچەکەدا سەقامگیریی هەبوو، بەڵام ئێستا بازاڕێکە بۆ ساغکردنەوەی چەک.

حوسییەکان خاوەنی هێزی گەورە و چەکی زۆر قورس نین، نە فڕۆکەیان هەیە نە تانک-ی زۆر، هەرچی ئەو مووشەکانەشە کە لە کۆگا شاردراوەکانیاندا هەیە، ناگاتە ئاستی تواناکانی وڵاتێکی وەک کوەیت یان سعودیە، بەڵام کاتێک ئەوان مووشەکێکی بالیستی یان درۆنێکی دروستکراوی محەلی، دەنێن بە سعودیەوە، ئەمان دەچن بایی دەیان ملیار دۆلار فڕۆکەی پێشکەوتوو و مووشەک دەکڕن لە زلهێزەکان.

با ئەمە بە نموونە وەربگرین: لە بەسرە نەوت لە ماڵاندا سەرف نابێت، چونکە زستانیش لای ئەوان ئەو سەرمایە نییە، رەنگە ماڵەکانیان بە شار و گوندەوە، زۆپای نەوتیان هەر نەبێت، بەڵام لە گوند و شارەکانی کوردستان، لە زستاندا ماڵەکان بە سەدان لیتر نەوت دەسووتێنن بۆ گەرمبوونەوە، کەواتە مادەکان دەبێت شوێنێکیان هەبێت بۆ ساغکردنەوەیان، چەکەکان لە ئاشتیدا ساغ نابنەوە و هەر دەبێت لە کۆگاکاندا بمێننەوە، بەمەش بازاڕی سەرمایەداریی (چەک فرۆشتن) دەوەستێت و ئەوان زیانیان پێدەگات، ئیتر لێرەوە دەبێت بزانین کە کێشەکان درووستدەکرێن بۆ ساغکردنەوەی چەکەکان، ئەوانەش کە لەژێر ناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا خۆیان نمایش دەکەن، هیچ نین، تەنیا جێبەجێکاری بازرگانە زەبەلاحەکانی چەکن لە جیهاندا!

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان