مەودا میدیا-
فراكسیۆنی بزووتنەوەی بابلیۆن پەیامێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەوان کۆبوونەوەکە لەژێر فشارە دەروونی و مەعنەوییەكان بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا ئەنجام دراوە، پێشێلكردنی رێككەوتنە سیاسییەكان و بنەماكانی هاوبەشییە، بۆیە دان بە دەرئەنجامەكانی ئەم كۆبوونەوەیەدا نانێین.
فراكسیۆنی بزووتنەوەی بابلیۆن رایگەیاند “دیموكراسی بە فشار و ترساندن بنیادنانرێت و ناكرێت ئیرادەی سیاسی بە پارە بكڕدرێت، ئەوەی لەبارەی كڕینی وەفاداریی هەندێك لە نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن و فشار خستنە سەر ئەندامانی پەرلەماندا باس دەكرێت، پێشێلكردنێكی مەترسیداریی بەها دیموكراسییەكانە و دەتوانێت هەرێم بەرەو دابەشبوون بۆ دوو حكومەت ببات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بانگ لە هاوڕێ و هاوبەشەكانیان لە هێزە سیاسییەكانی عیراق دەكەن كە تا یەكلاییكردنەوەی رەوایی یاساییی ئەم كۆبوونەوەیە، دان بە دەرئەنجامەكانی نەبنێن و پیرۆزبایی لەسەر بنەمای ئەو دەرئەنجامانە پێشكەش نەكەن، رەواكردنی ئەم جۆرە رەفتارانە دەتوانێت ببێتە پێشینەیەكی مەترسیدار كە سبەینێ لە سەرانسەری عیراقدا دووبارە بكرێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “رەوایەتی لە فشار و سەپاندنی ویستەكانەوە سەرچاوە ناگرێت، ئەوەی ئەمڕۆ بە فشار خستنە سەر ئەندامانی پەرلەمان بنەماكانی هاوبەشی دەشكێنێت، سبەینێ دەرگای دابەشبوون دەكاتەوە، دیموكراسی تەنها بە پابەندبوون بە یاسا و رێزگرتن لە ئیرادەی نوێنەرانی خەڵك مانای خۆی دەپارێزێت”.
ب ح