مەودا میدیا-
وتەبێژی حکومەتی عیراق تێوەگلانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای لە پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جەرف ئەلسەخر لە باکووری پارێزگای بابل پشتڕاستکردەوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاند “بڕیاری چوونە ناو جەرف ئەلسەخر دراوە و دەبێت كۆنتڕۆڵی تەواوەتی ناوچەكە بگەڕێتەوە ژێردەستی هێزە ئەمنییەكانی حکومەت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حكومەتی عیراق مۆڵەتێكی دیاریكراویی بۆ چۆڵکردنی جەرف ئەلسەخر داوەتە ئەو گرووپەی كە كۆنتڕۆڵی ناوچەكەی كردووە و مۆڵەتەكە دوور نییە و بەمنزیكانە جێبەجێ دەكرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئەو ناوچەیەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپەدایە، سێ لقی بۆریی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتی (بەسرە – حەدیسە)ی پێدا تێدەپەڕێت، کە دوو لقیان دەگەنە (بەغدا – دۆرە) و لقەکەی تریشیان دەگاتە قەزای موسەییەب”.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند سەرچاوەیەکی عیراقی رایانگەیاندووە “عەلی زەیدی تاوەک رۆژی هەینی بۆ گرووپی چەکداریی حزبوڵڵا دیارکردووە تاوەکو ناوچەی جەرف ئەلسەخر چۆڵبکات، بۆ ئەو مەبەستە داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە هەوڵی رازیكردنی ئەو گرووپە بدات، بەپێچەوانەوە رێکاری سەربازیی وئەمنی بەرانبەریان دەگرێتەبەر.
ب ح