پاش زیاتر لە 10 ساڵ ئامادەكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی جورف سەخر دەستیپێكرد

مەودا میدیا-
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق یەكەمین هەنگاوی كردەیی بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی ناوچەی جورف سەخر نا و لە رێگەی تیمەكانییەوە دەستی بە تۆماركردنی ناو و زانیاریی ئەو خێزانانە كردووە كە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەیە.

عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، ئەمڕۆ شەممە ئاشكرای كرد “پڕۆسەكە بە شێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت و هیچ خێزانێك ناچار بە گەڕانەوە ناكرێت”.

وتیشی “گەڕانەوەی خێزانەكان بە یەكجار نابێت، بەڵكو بە چەند قۆناغێك و بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەڕێوەدەچێت”.

ناوبراو هۆكاری ئەمەشی بۆ پێویستیی وردبینیی ئەمنی و پاككردنەوەی ناوچەكە لە پاشماوەكانی جەنگ گەڕاندەوە، كە پێشبینی دەكرێت چەند مانگێك بخایەنێت تا دڵنیایی تەواو بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان دابین دەكرێت.

هاوكات بەپێی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتەكە، زیاتر لە شەش هەزار خێزانی ئەو ناوچەیە لە دۆخی ئاوارەییدا دەژین، كە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای بابل (بەتایبەت قەزای موسەییب) و پارێزگای ئەنبار جێگیر بوون، هاوكات بەشێكی دیكەشیان روویان لە پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا و هەرێمی كوردستان كردووە.

ئەم هەوڵانەش دوای ئەوە دێن كە دوێنێ هەینی 20ـی تشرینی دووەم، هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی عیراق چوونە ناو قەزای جورف سەخر لە باكووری پارێزگای بابل و بارەگایەكی نوێی فەرماندەییان تێدا كردەوە، دوای ئەوەی ناوچەكە لە ساڵی 2014 كەوتە دەست چەكدارانی داعش و لە كۆتایی هەمان ساڵدا كۆنترۆڵكرایەوە، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەك لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەكدارەكان (بەتایبەت كەتیبەكانی حیزبوڵڵا) مایەوە و دەرگای گەڕانەوە بە رووی دانیشتووانە رەسەنەكەیدا داخرابوو.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان