لە دوای تۆماركردنی لوتكەی نوێوە زێڕ دوو هەزار دۆلار دابەزیوە

مەودا میدیا-
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا نرخی زێڕ ئاستێكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد و گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا، لە ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەكی ئەو كانزایە بە بەراورد بە لوتكە مێژووییەكەی زیاتر لە دوو هەزار دۆلار دابەزیوە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا بەرزبووە و گەیشتە 5,600 دۆلار، بەڵام لە دوای تۆماركردنی ئەو لوتكەیەوە رووی لە دابەزین كرد و ئێستاش دابەزیوە بۆ 3,537 دۆلار، بەوەش نرخی هەر ئۆنسەیەك زیاتر لە 2000 دۆلاری لەدەستداوە.

پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند “ئەو كاتەی كە نرخی زێڕ گەیشتە لوتكە، شەڕی ئەمەریكا و ئێران لە ئارادا نەبوو، هیچ مەترسییەكیش لەسەر بازاڕی وزە نەبوو، بەڵام دواتر بە هۆی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە گەرووی هورمز داخرا و نرخی نەوت و وزە بەرزبووەوە، لە بەرامبەریشدا نرخی زێڕ بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو داڕما بەشێوەیەك كە تا ئێستا خۆی نەگرتووەتەوە”.

وتیشی “لەگەڵ هەموو ئەو هۆكارانەش ئێستا پێشبینی دەكرێت بانكی ناوەندی ئەمەریكا رێژەی سوودی بانكی بەرز بكاتەوە، ئەگەر ئەوەش روو بدات ئەوا نرخی ئەو كانزایە زیاتر دادەڕمێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “پەیوەندی نێوان نەوت و وزە و زێڕ ئەوەیە كە هەركات مەترسی لەسەر بازاڕی وزە درووست ببێت نرخەكەی بەرز دەبێتەوە و بازرگانان زیاتر روو لە كڕینی دەكەن، لە بەرامبەریشدا نرخی زێڕ دادەبەزێت بەهۆی ئەوەی بازرگانان دەست بە فرۆشتنی زێڕەكانیان دەكەن”.

ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان