مەودا میدیا-
ئاستی پیسبوونی هەوای هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ناتەندروست، بەشێوەیەک کە رێژەی تەنۆلکە وردە زیانبەخشەکان (PM2.5) 8.7 هێندە لە ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاتر بووە.
پێگەی ئایکیو ئێیەری سویسری ” رایگەیاند “ئەم شەپۆلەی پیسبوونی هەوا کە لە رۆژی یەکشەممەوە تۆمار کراوە، تاوەکو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “هۆکاری سەرەکیی ئەم پیسبوونە بەرچاوەی هەوا لە دوو هەفتەی رابردوودا، بۆ کارپێکردنەوەی نزیکەی دوو هەزار و 500 موەلیدەی کۆن و خراپ دەگەڕێتەوە دوای کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی بەهۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر”.
لای خۆیەوە دڵشاد حسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر رایگەیاند “موەلیدەکان کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە و بە رێژەی 70٪ بۆ 80٪ هەوای شاریان پیس کردووە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، تەنۆلکە وردەکانی (PM2.5) بە مەترسیدارترین جۆری پیسکەری هەوا دادەنرێن، چونکە بەهۆی وردییانەوە راستەوخۆ دەچنە نێو سییەکان و تێکەڵ بە سووڕی خوێن دەبن، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسە و شێرپەنجە زیاد دەکات.
ب ح