شەپۆلێکی نوێی دابارین روو لە هەرێم دەکات

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی دهاتوووەوە شەپۆلێکی نوێی دابارین روودەکاته هەرێمی کوردستان، سەرەتا شەپۆلەکە لە ناوچەکانی باکووری هەرێم دەستپێدهکات و دواتر بەتێپەڕ بوونی کات سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و کاریگەری بۆ رۆژانی دواتری هەفتە بەردەوام دەبێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفری باش دەبارێت.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “لەسەرجەم ناوچەکان بارانی زۆر باش دەبارێت، هەروەها بەهۆی بارانی بەخوڕەوە مەترسی دروست بوونی لافاو هەیە لەمەودای شەپۆلەکەدا لەو شوێنانەی مەترسیان له سەرە لەگەڵ بوونی هەورە بروسکەو زیادبوونی خێرایی با لەکاتی تاوەکاندا، تەرزەش لە ناوچە و شوێنی جیاواز دەبارێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەشێکی بارانەکە بەشێوەی حاڵەتی ناجێگیری دەبێت واتە تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکەی ناو بەناوی لەگەڵ دەبێ و دواتر بەهۆی دابەزینی بارستە هەوای ساردی جەمسەری بۆ سەرناوچەکان دەگۆڕێ بۆ بارانی دێمی و زستانی، لە مەودای شەپۆلەکەدا پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن (5 تا 7 پلە) لە هەندێک شوێن تا زیاتر نزمدەبنەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو “بۆ برا جووتیارەکان ئەوانەی تۆویان نەکردووە و نیازی گەنم و جۆ چاندنیان هەیە، ئەو دوو رۆژەی داهاتوو تۆو بکەن، کاتێکی زۆر باشەو چونکە بۆ رۆژانی دواتر تەڕ و تووشی و بارانی زۆر باش هەیە رێک پێی دەڕوێن و بەتەواوی گەشە دەکەن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان