مەودا میدیا-
سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێم کۆبووەتەوە و روونیکردووەتەوە کە بڕیاربەدەستانی بەغدا، باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقلییەتێکی مەرکەزی رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند “دەبێت دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت نەک بە شێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە و دۆخی نائاسایی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاسایی نەکراوەتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکومەتی فیدراڵ بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشن بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ چارسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، هیواخوازن لە هەموو عیراق، ئەوە کارە نایاساییانەی هەن بنبڕبکرێن، بەڵام ئەو رێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق لە دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچوون، دەستووری نین و رەتیدەکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، تەنها مووچە و بودجە نییە بەڵکوو ماف و دۆزی رەوای گەلی کوردستان و داننانن و رێزگرتنە لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان بە هەموو هێزیکیەوە، یلە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دانووستان دووپات دەکەنەوە”.
باسی لەوەشکرد “ئەوان لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و دزینی سامانی سرووشتیین لە هەموو عریاق و هەموو هاوکاریەکیش پێشکەش دەکەن، بەڵام بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراو نییە، ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەریی یاسایە، عیراق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن”.
ب ح