مەرجەكانی ئەمەریكا و ئێران بۆ رێكەوتن و ئاشكرا دەبێت

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ سێشەممە21ئی نیسان، دواین رۆژە بۆ ئاگربەستە دوو هەفتەییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران و سبەی وادەكە كۆتاییدێت، بەڵام هەریەك لەو دوو وڵاتە كۆمەڵێك مەرج و داواكاری هەیە بۆ واژۆكردنی رێكەوتن و چەند خاڵێكی ناكۆكیش لە نێوانیاندا هەیە.

مەرج و داواكارییە سەرەكییەكانی ئێران كە تا ئێستا لە راگەیاندنەكان و لێدوانی بەرپرسان بیستراوە و لە رێكەوتنە 10 خاڵییەكەشدا هاتووە، خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە، لەوانە: یەكەم، هەڵگرتنی دەستبەجێ و تەواوەتیی سزاكانی ئەمەریكا و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران كە لە نێوان پێنج بۆ 10 ملیار دۆلار دەبێت.
دووەم، كۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران بە گشتی.
سێیەم، پێویستە گەرەنتی ئەمنی بە ئێران بدرێت و ئەمریكا و ئیسرائیل جارێكیتر هێرش نەكەنە سەر ئێران و هاوپەیمانەكانی كە مەبەست لێی هێرشەكانی ئیسرائیلە بۆ سەر حزبوڵا لە لوبنان.
چوارەم، ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ رادەگرێت، لەگەڵ پاراستنی مافی دووبارە پیتاندن بەپێی پەیماننامەی قەدەغەكردنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆم.
پێنجەم، دەبێت ئەمەریكا دان بنێت بە سەروەری و كۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.

داواكارییە سەرەكییەكانی ئەمریكاش چەند خاڵێكە لەوانەش:
یەكەم، پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ رابگرێت و دامەزراوە سەرەكییەكانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان هەڵبوەشێنرێنەوە.
دووەم، رادەستكردنی ئەو یۆرانیۆمەی كە بە رێژەی 60٪ لەلایەن ئێرانەوە پیتێنراوە.
سێیەم، دەبێت ئێران گەرووی هورمز دەستبەجێ بكاتەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ گەمارۆیەكی نەخاتەسەر و كۆنترۆڵیشی بەسەریدا نەبێت.
چوارەم، دانانی سنوورێك بۆ مەودای مووشەكی بالیستی و كەمكردنەوەی پاڵپشتیكردنی گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە.
پێنجەم، ئەمەریكا كاتێك سزاكانی سەر ئێران كەمدەكاتەوە كە دڵنیابێت لەوەی وڵاتەكە پابەندی مەرجەكانی بووە، نەك دەستبەجێ‌ هەڵگرتنی سزاكان.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان