مەودا میدیا-
بیرمەند و فەیلەسوفێکی ناوداری فەرەنسی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکرد کە کوردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەترسیداردان، بۆیە پشتگیریکردنی کوردانی سوریا تەنها کارێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، چونکە ئەوان تەنها هێزن کە مۆدێلێکی دیموکراتییان هەیە و رێگری لە گەڕانەوەی داعش دەکەن، لە کاتێکدا جێگرەوە ناوچەییەکان جێی متمانە نین.
بێرنارد هێنری لێڤی، بیرمەند و فەیلەسوفی ناوداری فەرەنسی رایگەیاند ” کوردەکان رووبەڕووی پەلاماریمیلیشیا عەرەبەکا بوونەتەوە کە سەرنە ئەبو محەمەد جۆلانی (حاکمی نوێی دمشق)ن و دەسەڵاتی نوێ دەیەوێت ئەو مۆدێلە لە خۆبەڕێوەبەرییەی کە کورد بە قوربانییەکی زۆر بنیادیناوە، هەڵبوەشێنێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “لە واشنتۆن دوو رەوتی جیاواز هەیە، لایەک پڕۆژەیاسای (رزگارکردنی کورد) لە لایەن سیناتۆر لیندسی گراهام و ریچارد بلۆمێنتال، لە لایەکی ترەوە گفتوگۆی ئیدارەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هەزار سەربازە ئەمەریکییەکەیە کە ئەمەش وادەکات جێهێشتنی کوردەکان هەڵەیەکی تراژیدی بێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “شەڕڤانە کوردەکان نموونەیەکی دەگمەنن لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوەدا، وەک پێشمەرگەکانی عیراق لە ناوچەکەدا جیاوازن، ئەوان دۆستی دڵسۆزی رۆژئاوا و ئیسرائیلن و تێگەیشتنێکی رۆشنبیرانە و عەلمانییان بۆ ئیسلام هەیە کە رێز لە ئازادی و یەکسانیی مەدەنی دەگرێت، بوونی یەکینەکانی ژنان و مۆدێلی (رۆژئاوا) وەک بەڵگەیەک دەبینێت کە ئیسلام و دیموکراسی دەتوانن پێکەوە بژین”.
باسی لەوەشکرد ” کوردانی رۆژئاوا لە هێڵی پێشەوەی شەڕی داعش بوون، ئەگەر ئازایەتی و شارەزایی کوردەکان نەبوایە، ئەو قەوارە تیرۆریستییەی نێوان رەققە و موسڵ زۆر زیاتر دەمایەوە لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان هەزاران چەکدار و خێزانی داعشیان لە زیندان و کەمپەکانی وەک (ئەلهۆڵ و شەدادی) پاراستووە، هەروەها لاوازکردنی کورد دەبێتە هۆی هەڵاتنی هەزاران تیرۆریست.”.
وتیشی “ئایا ئەحمەد ئەلشەرع بەڕاستی لە رابردووی جیهادی و قاعیدە پەشیمان بووەتەوە، یان تەنها رووخساری گۆڕیوە؟ هەروەها تورکیا بە هاوپەیمانێکی جێی متمانە نازانێت و پێشتر داوای دەرکردنی تورکیای لە ناتۆ کردووە لە بەرانبەردا، کوردەکان بە تاقە هاوپەیمانی دڵسۆزن و مێژوو لێمان دەپرسێتەوە ئەگەر پشتیان تێ بکەن”.
ب ح