مەودا میدیا-
بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچونی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشکرایکرد وەڵامی كاك ئاری هەرسین نادەنەوە، بەڵام داوای لێدەكەن سەیری كۆمێنتی هاوڵاتییان بكات.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویکردەوە “كاتی قسە بێ بەهاکانی کاک ئاری هەرسین نەبوو، چونكە چاوی هەموو گەلی كوردستان و جیهانیش لەسەر ئەوەیە كە كورد ناوماڵی خۆی رێك بخات و یەكێتی و پارتی بگەنە رێككەوتنێكی چارەسەرهێنەر و ئەنجامی دانووستانەكانیش تائێستا بەئەرێنی باسكراون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “تەنها ئەوە بە ئاری هەرسین دەڵێن، بۆ ئەوەی بزانێت كە قسەكانی بۆ ئەم قۆناغە ناگونجێن، چاوێک بەپەیجی ئەو كەناڵەدا بخشێنێتەوە كە دیداریان لەگەڵی ئەنجامداوەو سەیری كۆمێنتەكان بكە، ئەوكاتە بۆی دەردەكەوێت كە كاتی ئەو قسانە نەبوو”.
ئەوەشی خستەڕوو “ئاری هەرسین لەو هەزاران كۆمێنتە، خەڵكانێكی كەمیش نابینێت قسەیەكی خێری بۆ بكات. هەروەها بۆی دەردەكەوێت خەڵك لەو جۆرە پەیامانە بێزارە و لەگەڵ تەبایی و رێككەوتن وسەقامگیریدایە، نەک زمانی زبرو دووبەرەكی”.
ب ح