مەودا میدیا-
دوای ئەو دابەزینە مێژووییەی كە رۆژی هەینی لە نرخی هەریەك لە زێڕ و زیو روویدا، شارەزایەك دەڵێت”پێویستە هاوڵاتییان لەم كاتەدا خۆیان بەدوور بگرن لە كڕین و فرۆشتن”.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند”بەشێكی زۆر لە هاوڵاتییانی هەرێم بەهۆی داڕمانی نرخی زێڕ و زیوەوە تووشی زەرەری گەورەبوون ئەویش تەنها لە چەند كاژمێرێكدا بەهۆی داڕمانی گەورە لە نرخی ئەو دوو كانزایە”.
وتیشی”پێشبینی دەكەن هێشتا نرخی ئەو كانزایانە زیاتر دابەزێت، بەڵام ئەوەش پێشبینییە و مەرج نییە بەو شێوەیە بێت، چونكە هێشتا روون نییە كە ئایا دابەزینی تەواوی كردووە یان ماویەتی”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد”رێنمایی مامەڵەكاران و بازرگانان دەكەن كە لەم چەند رۆژەدا دوور بكەونەوە لە كڕین و فرۆشتنی زێڕ تا ئەو كاتەی ئاراستەی بازاڕ روون دەبێتەوە”.
باسی لەوشكرد”لە دوورمەودادا ئاراستەی ئەو كانزایانە بە دڵنیاییەوە هەر بەرزبوونەوەیە، بەڵام روون نییە كەی دەستپێدەكات، بۆیە ئەو كەسانەی كە لە لوتكەدا كڕیویانە پێویستە ئارام بگرن و نەیفرۆشنەوە تا ئەوكاتەی دەگەڕێتەوە نرخی پێشووی”.
ئ پ