هێزێكی چەكداری شیعە هەڕەشە لە كورد دەكات

مەودا میدیا-
دوای توندبوونەوەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە هێرشكردنەسەر ئێران، كەتائیبی حیزبوڵڵای عیراق هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان كە هیچ هەنگاوێك هاوشانی ئەمەریكا دژی ئێران نەنێن.

ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنیی كەتائیبی حیزبوڵڵای عیراق رایگەیاند” نابێت كورد بۆ لێدان لە ئێران بچنە پاڵ ئەمەریكا، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بكەن و نەبنە بەشێك لەو ململانێیەی كە لە ناوچەكەدا روودەدات، بۆئەوەی رووبەڕووی شەڕ و كێشە نەبنەوە”.

وتیشی” چەند رۆژێكە ئەمەریكا لە رێگەی سووریاوە بەرەو هەرێمی كوردستان ئامادەكاریی سەربازی دەكات و دەیەوێت لە رێگەی وشكانیشەوە خۆی بۆ هێرشی سەر ئێران ئامادەبكات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” پێویستە ئێران هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ عیراق، توركیا و ئازەربایجان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ رێگریكردن لە هەر هێرشێكی چاوەڕواننەكراو كە لەو سنوورانەوە بكرێتە سەریان”.

ئەوەش لە كاتێكدایە كە سوپای ئەمەریكا گەورەترین جووڵە و كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە ناوچەكەدا دەستپێكردووە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە شاری جنێڤ بەڕێوەبچێت.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان