مەودا میدیا-
هەرچەندە حكومەتی عیراق بڕیاریدا بە زیادكردنی باجی 20% لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری پەیوەندی، بەڵام تا ئێستا نرخەكان وەك خۆیانن و بەرپرسێكیش دەڵێت”بڕیارەكە كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت ناگرێتەوە”.
كاروان ستار، بریكاری یەكێك لە كۆمپانیاكانی پەیوەندی لە هەرێم بە مەودا میدیای راگەیاند” سەرەڕای دەرچوونی بڕیارەكە، بەڵام هێشتا نرخەكان وەك خۆیانن و گۆڕانكارییان بەسەردا نەهاتووە”.
وتیشی”ئەگەر بڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوا كارتێكی 10 هەزار دیناری دەبێتە 12 هەزار دینار”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” بڕیارەكە لە عیراق چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام روون نییە كە لە هەرێم جێبەجێ دەكرێت”.
لەلایەكی تریشەوە دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایگەیاند” بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ و كۆڕەك و زەین لە بەغدایە، بۆیە بڕیاری زیادكردنی باجی 20٪ی كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری پەیوەندی تەنیا ئەو سێ كۆمپانیایە دەگرێتەوە و هێڵەكانی ئینتەرنێت ناگرێتەوە”.
وتیشی”لە هەرێم 35 كۆمپانیای هێڵی ئینتەرنێتی وایفای و كێبڵ هەن كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم هەیە، بۆیە بڕیارەكە نایانگرێتەوە.
ئ پ