لە ئەمساڵەوە نمرەی وانەی كوردی و عەرەبی ئەژمار دەكرێت

مەودا میدیا-
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بڕیارێكی پێشووی هەڵوەشاندەوە و لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد” بڕیاری ئارەزومەندانەی ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی هەڵوەشاوەتەوە لە ئەمساڵەوە ئەژمار دەكرێت.

دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەت ئەمەیە:

“بڕیاری ئارەزومەندانەی ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی هەڵوەشاوەتەوە”

پاڵپشت بە نوێترین نوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە رێكەوتی (٢٠٢٦/٢/٢٦) و كۆنوسی لێژنەی تایبەتمەندی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نوسراوێكی فەرمیدا بۆ وەزارەتی پەروەردە روونیدەكاتەوە كە (بڕیاری ئارەزومەندانەی ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی هەڵوەشاوەتەوەو نمرەی ئەم دوو وانەیە هاوشێوەی وانەكانی تر ئەژمار دەكرێن بۆ ئەو خوێندكار و قوتابیانەی لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) و ساڵانی دواتر لە پۆلی دوانزەی ئامادەیین) واتە لە ئەمساڵەوە نمرەی خوێندكاران و قوتابیانی پۆلی دوانزە لەسەر بنەمای هەر حەوت وانەكە دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ سێشەممە رێكەوتی (٢٠٢٦/٣/٣) بە نوسراوی ژمارە (٤٢٢٥) كە ئیمزای د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كراوە و تیایدا هاتووە؛ ئاماژە بە نوسراوێكی تازەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆكایەتی دیوان كە بە نوسراوی ژمارە (٧٠٢) لە ڕێكەوتی (٢٠٢٦/٢/٢٦) ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردوە كە بریتییە لە كۆنوسی لێژنەی پێكهێنراو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٦٨) لە ڕێكەوتی (٢٠٢٢/٩/٧) كە ناوەرۆكی كۆنوسەكە جەختدەكاتەوە لەسەر (هەڵوەشانەوەی بڕیاری ئارەزومەندانەی ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی).

هەر لە نوسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا بۆ وەزارەتی پەروەردە رونكراوەتەوە كە بڕیاری ئارەزومەندانەی ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی كوردی و عەرەبی هەڵدەوەشێتەوە و نمرەی ئەم دوو وانەیە هاوشێوەی وانەكانی تر ئەژمار دەكرێن بۆ ئەو خوێندكار و قوتابیانەی لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) و ساڵانی دواتر لە پۆلی دوانزەی ئامادەیین ، واتە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) و ساڵانی دواتر داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆكانی هەرێم.

لە نوسراوەكەیدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەكات بفەرمون بە دووبارە ئاگاداركردنەوەی سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكان بە مەبەستی ئاگاداری خوێندكاران و قوتابیان هەروەك پێشتر بە نووسراومان ژمارە (٩٨٨٤) لە رێكەوتی (٢٠/ ٥/ ٢٠٢٥) ئاراستەیان كرابوو.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان