مهودا میدیا-
سایتى ئهکسیۆسى ئهمهریكى له بارهى پێشکەوتنەکانی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمهریکا و ئێران له راپۆرتێكدا باسى لهوهكردووه، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمهریکا بههۆى ئهو پێشكهوتنانهوه ئۆپەراسیۆنی ئازادیی لە گەرووی هورمز راگرتووه.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویكردهوه “بڕیاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر داوای پاکستان و وڵاتانی تر بوو، هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی بەرچاو بۆ رێککەوتنی هەمەلایەنە لەگەڵ تاران”.
ئاماژەی بەوەشکرد “گەمارۆی دەریایی لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە و ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بەردەوام بێت لە دانوستانەکان”.
ئۆپراسیۆنەکە کە لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە دەستیپێکرد، ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هێزەکانی ئەمهریکا و ئێران و هەروەها هێرشی مووشەکی ئێرانی تێدابوو، کە دۆخی ئەمنی ناوچەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کرد.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوه “زۆرێک لە وردەکارییەکانی دەستپێشخەرییەکە تا ئێستا روون نین، بەتایبەتی سەبارەت بە میکانیزمی رێنماییکردنی کەشتییەکان بەبێ یاوەری ڕاستەوخۆ”.
داتاکانی کەشتیوانی دەریانخستووە کە تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە کەشتیەکان توانیویانە لە گەرووەکەدا تێپەڕن، بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییە بەردەوامەکان، بە بەراورد بە نزیکەی 130 کەشتی کە رۆژانە پێش دەستپێکردنی قەیرانەکە ترانزێتیان کردووە.
کۆمپانیا جیهانییەکانی کەشتیوانی دوودڵی خۆیان دەربڕیوە لە بەکارهێنانی ئەو رێگایە و بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی ئەمهریکا، گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمهریکا بە بەس نازانن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمهریکا “سێنتكۆم” ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنەکە پاڵپشتی سەربازیی بەرچاو لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا تێکدەری مووشەکی رێنماییکراو و زیاتر لە 100 فڕۆکە و نزیکەی 1 هەزار سەرباز، کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی کەشتیوانییە”.
لە بەرامبەردا تاران هۆشداریی دایە کەشتییەکان لە تێپەڕاندنی گەرووەکە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی و جەختی لەوە کردەوە کە کردەوەکانی ئەمهریکا دەتوانێت هاتوچۆی کەشتیوانی بخاتە مەترسییەوە.
ئەم پێشهاتانە رەنگدانەوەی ناسکی ئاگربەستی نێوان هەردوولا، لە نێوان سەریەککەوتنی هەوڵە سەربازیی و دیپلۆماسییەکان و پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایشی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوی ئاوی جیهان.
ع