مەودا میدیا-
راوێژكاریی دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاشکرایکرد پەکخستنی هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە كاریگەریی لەسەر دۆخی دارایی و ئابووریی گشتیی وڵات هەیە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاریی دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند “کاریگەرییەکانی جەنگ، نزیکەی دوو مانگی داهاتوو بەتایبەت لە دەوروبەری مانگی پێنج یان شەشدا، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنەوە دەردەکەوێت، چونکە بەپێی خەمڵاندنەکان، شەڕەکە چوار مانگ دەخایەنێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حکومەت هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزکردن تاوەکو بتوانێت مووچە دابینبکات و پابەندییە دەرەکییەکان جێبەجێ بکات، یەکێکیش لە چارەسەرەکان کە حکومەت دەیگرێتەبەر قەرزی ناوخۆییە”.
ئەوەشی خستەڕوو “یەدەگی دراوی عیراق پاڵپشتی لە توانای بەدەستهێنانی قەرزی ناوخۆیی دەکات، ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، عیراق لە جەنگەکە پارێزراوەو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نابێت ئەگەر ئەم قەیرانە بۆ ماوەی چوار یان پێنج مانگ بەردەوام بێت”.
ب ح