مەودا میدیا-
وەزارەتی بازرگانی عیراق ئاشکرایکرد زیادکردنی منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ بۆ سەر کارتی بەشە خۆراکی ئەلیکترۆنی لە ژمارەیەک پارێزگا کاراکراوە و ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی رۆتین و قەرەباڵغی فەرمانگەکانی خۆراکە.
تاڵیب حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند “خزمەتگوزارییەکە ئێستا لە لقەکانی خۆراک لە پارێزگاکانی (سەڵاحەدین، واست، میسان، زیقار، دهۆک، هەڵەبجە، بابل، دیوانیە و موسەننا، لەگەڵ بەشێک لە لقەکانی بەغدا لە (سەدر، رەسافە، و سەید شوهەدا) بەردەستن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ” پلانێکی بەهێزیان هەیە بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ سەرجەم پارێزگاکانی تری عیراق بگرێتەوە، لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ هاوڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان”.
ب ح