گەلاوێژ غوڵام
سوریای دوای بەشار ئەسەد و رژێمە بۆگەنەکەی کە لە دروستبوونییەوە تا کۆتاییەکەی کوردیان کوشت و ئازادیی خەڵکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتەیان پێشێلکرد، ئاسان نییە کرانەوەیەکی وا بەدیبێنێت دەوڵەتی هاوڵاتیی تیادا بێتە کایەوە وەکوو لەو ماوەیەی پێشوودا بینیمان و بەرانبەر کورد و درووزییەکان و هەموو ئەو خەڵکانەیش تووندوتیژییان نواند کە لەگەڵ پرۆژە عرووبییەکەیان نەبوون و نەچوونە بندەستی سیاسەتی دامەزراندنی دەوڵەتە ئیسلامییەکەیانەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەحمەد شەرع بەو ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێت کە چەند بتوانێت سوریایەکی عەرەبی- ئیسلامی دابمەزرێنێت و مەرکەزیەتێکی وا دروستبکات دەرفەتێکی گەشەکردنی ئازادی و دەستبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی تێدا نەبێت، ئەوە جگە لەوەی دەبێتە بەرەیەکی عەرەبیی سوننی دژی ئێران و زۆنی شیعی، هەروەها بە هیچ جۆرێک بڕوای بە حوکمی زاتیی راستەقینە بۆ کورد نییە و وەکوو دەیبینین بەناچاری بە هەندێک وردە ماف رازی بووە کە ئەگەر دەسەڵاتیشی هەبێت ئەوا لە کوردی وەردەگرێتەوە.
بنەمای بیرکردنەوەی ئەحمەد شەرع بریتییە لە خۆسەپاندنی سیاسەتە تووندە ئیسلامییەکەی، تورکیا و وڵاتانی وەکوو قەتەر و سعودیە هەریەکەیان بەشێوەی خۆی و بۆ بەرنامەی دیاریکراوی خۆی هاوکاریی دەکەن، هەرچی ئەمریکایشە بۆ ئەوەی هیلالی شیعی کۆتایی بێت و سوریایەکی دوور لە هەژموونی رووسیا دروستبکات، هاوکاریی ئەحمەد شەرع دەکات.
بڕوام وایە بۆ هەریەکێک لەو وڵاتانەی پشتیوانیی ئەحمەد شەرع دەکەن دروستکردنی دەوڵەتی هاوڵاتی لە سوریا لایان گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە بەرژوەندیی زیاتری خۆیان لە سوریا بەدەستبهێنن، ئەوەیش بۆ کورد و دروزییەکان بە پلەی یەکەم زیانی هەیە و دەبێتە مەترسیی لەسەر ماف و دەستکەوتەکان.